پێكهێنانی حكومه‌ت، له نێو سوننه‌كاندا بیرۆكه‌ی پێكهێنانی هه‌رێمێكی سوننه‌نشین هاتۆته ئاراوه. ئه‌م بیرۆكه‌یه سه‌ركه‌وتوو دهبێتتا چه‌ندو كاریگه‌رییه‌كانی بۆ داهاتووی ناوچه‌جێناكۆكه‌كان چۆن ده‌بێت؟
له‌دوو هه‌فته‌ی پێشوودا جارێكی تر ده‌نگی دابه‌شكردنه‌وه‌ی عیراق، بۆ چه‌ند هه‌رێمێك هاته گۆڕێ، ده‌نگێك كه ده‌یه‌وێت هاوشێوه‌ی هه‌رێمی كوردستان، چه‌ند هه‌رێمێك له‌ناوه‌ڕاست و باشوری وڵات دروستبكرێته‌وه.
به‌پێی ئاژانسه‌كانی هه‌واڵ، چه‌ند ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای به‌سره، داواكارییه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌هه‌رێمكردنی پارێزگاكه‌یان پێشكه‌شكردوه‌و دوای قبوڵكردنیشی ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی عیراقیان كراوه. قبوڵكردنی ئه‌و داواكاریه‌ش، بۆ دواجار له‌ده‌ستی دانیشتوانی پارێزگاكه‌دایه كه ده‌بێت له‌ڕاپرسیه‌كدا ده‌نگی بۆ بده‌ن، به‌ڵام به‌ڕه‌سمی وه‌رگرتنی داواكاریه‌كه، بڕینی نیوه‌ی ڕێگایه.
بیرۆكه‌ی هه‌رێمی به‌سره، هه‌مان بیرۆكه‌ی سێ ساڵی ڕابردووی هه‌رێمی باشوره كه ناوچه شیعه‌نشینه‌كان به‌نیازی پێكهێنانین. پێشده‌چێت له‌گه‌ڵ پێكهێنانیدا دوو تا سێ پارێزگای تری شیعهنشینیش، له‌گه‌ڵیاندا یه‌كبگرن به‌ئامانجی فراوانكردنی، تاوه‌كو سه‌رجه‌م ناوچه شیعه‌نشینه‌كان بگرێته‌وه.
هه‌رێمێكی سوننه
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌رێمه شیعهنشینهداو به‌هۆی بێهیوایی به‌شێك له‌سوننه‌كان به‌وه‌ی جارێكی‌تر بتوانن فه‌رمانڕه‌وایی عیراق بگرنه‌ده‌ست، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی لیستی ئه‌لعیراقییه (زۆرینه‌ی سوننه‌و عه‌لمانییه‌كانی له‌خۆده‌گرت) شكستی هێنا له‌پرۆسه‌ی دروستكردنی حكومه‌تدا. له ئێستادا به‌شێك له سوننه‌كان به‌جددی بیر له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، هه‌رێمێكی سوننه‌نشین دروستبكه‌ن.
لێره‌دا سوننه‌كان خاوه‌ن رووبه‌رێكی به‌رفراوانن كه فاكته‌ری هێزه بۆ هه‌رێمه‌كه‌یان. چونكه ناوچه سونه‌كان نشینه‌كان ڕووبه‌رێكی پێكه‌وه گرێدراویان هه‌یه، كه له ئه‌نباره‌وه ده‌ستپێده‌كات ڕووه‌و موسڵ و سه‌ڵاحه‌دین، تاده‌گاته دیاله. ئه‌گه‌ر كه‌ركوكیش ئه‌ژمار نه‌كه‌ین بۆیان (كه به‌موڵكی خۆیانی ده‌زانن) ڕووبهرهكه ده‌كاته نیوه‌ی عیراق.
ئه‌م ڕووبه‌ره گه‌رچی هاوشێوه‌ی به‌سره‌و هه‌رێمی كوردستان، نه‌وتی نییه، به‌ڵام ڕووبه‌رێكی ده‌وڵه‌مه‌نده به‌ئاوو كشتوكاڵ و فۆسفات، چه‌ندین كانه نه‌وتیشی تێدایه تا ئێستا سودیان لێوه‌رنه‌گیراوه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وانه‌ش ده‌روازه‌یه‌كی بازرگانی- سیاسییه، ڕووه‌و سوریا‌و ئه‌رده‌ن و سعودییه.
گه‌رچی ئه‌مه به‌دیهێنانی پێشنیاره‌كه‌ی جۆبایدنی (جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكایه) كه چه‌ند ساڵێك لهمهوپێش بانگه‌شه‌ی بۆ كرد، كه كورد پێشوازی لێ‌كرد، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا كاریگه‌ری نه‌رێنی بۆ سه‌ر عیراق به‌گشتی و كوردیش به‌تایبه‌تی ده‌بێت.
پێكهێنانی هه‌رێمی سوننه‌نشین به‌و واتایه دێت جارێكی تر ململانێی نێوان كورد و عه‌ره‌ب له‌سه‌ر خاوه‌ندارێتی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌ستپێده‌كاته‌وه، كه‌واته داهاتووی كه‌ركوك و موسڵ و خانه‌قی و دوز و ده‌یان شار‌و شارۆچكه‌ی كوردنشین، له‌سایه‌ی هه‌رێمێكی سوننهنشیندا به‌ره‌و كوێ ده‌چێت و ئایا دووباره توشی په‌راوێزخستن نایه‌ن وه‌ك له‌پارێزگای موسڵدا ڕوویدا؟
بۆ كورد مه‌ترسیه
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد(به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیژی) ئه‌و كاره‌ی به‌مافێكی ده‌ستوری سوننه‌كان زانی، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ئه‌وه‌ی دووپاتكرده‌وه ئه‌و كاره مه‌ترسیداره. ئه‌سه‌سه‌رد له‌وباره‌یه‌وه وتی:"ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه به‌جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ه‌وه ببه‌ستینه‌وه، به‌دڵنیاییه‌وه جێبه‌جێكردنی ماده‌كه له‌ئێستا ئاڵۆزتر ده‌بێت."
وتیشی:"ئه‌و كات ده‌بێت وتووێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تێك بكه‌یت كه ئه‌و ناوچانه به‌ڕێوه ده‌بات، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه ئێستا وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌كه‌ین، بۆ نمونه ئێمه ده‌بێت وتووێژ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی موسڵ بكه‌ین، بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه. بۆیه پێم وایه ئه‌مه ماده‌ی 140 زۆر ئاڵۆز ده‌كات."
ئه‌و پێی وابوو ده‌بێت دروستكردنی هه‌رێمه‌كان بخرێته دوای جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140، "چونكه ئه‌گه‌ر دروستكردنی هه‌رێمه‌كان بكه‌وێته پێش ئه‌و واده‌یه، كێشه‌كان گه‌وره‌تر ده‌كات."
به‌هه‌مان شێوه عه‌بدولڕه‌حمان سدیق(به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری پرد)، جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه ده‌بێت هه‌ردوو مادده‌ی 140 (ناوچه جێناكۆكه‌كان)و 142(مه‌سه‌له‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستور) جێبه‌جێبكرێت، دواتر ئه‌و هه‌رێمانه پێكبهێنرێن. "تا ئه‌و دوو مادده‌یه جێبه‌جێنه‌كرێت، ناكرێت هه‌رێمێكی تر دروستبكرێت، چونكه له‌هه‌رێمدا ده‌بێت سنوری هه‌رێمه‌كه دیاریبكرێت، له‌كاتی دیاریكردنی سنوری هه‌رێمه‌كانیشدا كێشه‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه له‌نێوان پارێزگاكاندا، كێشه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی ڕژێمی پێشوو له‌پارێزگایه‌كه‌وه گواستونیه‌تییه‌وه، بۆ پارێزگایه‌كی تر، بۆیه تاوه‌كو ئه‌و دوو مادده‌یه جێبه‌جێنه‌كرێت، زه‌حمه‌ته باس له هه‌رێمێكی تر بكه‌ین."
كێشه‌یه‌كی ده‌ستوری
ئه‌سه‌سه‌رد ڕای وابوو ئه‌م مه‌سه‌له كێشه‌یه‌كی ده‌ستوریش دێنێته كایه‌وه، چونكه به‌پێی ده‌ستور 140 ده‌بێت له‌نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێم و ناوه‌نددا چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام ئه‌وكاته ده‌بێت له‌نێوان دوو هه‌رێمیشدا گفتوگۆ بكرێت. واتا ئه‌وكات كورد ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی بهرامبهرو به‌غدایشدا دانوستان بكات.
فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا پێی وابوو، هێشتا سوننه‌كان زووه بیر له‌و مه‌سه‌له‌یه بكه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌ر كات بیانه‌وێت ده‌توانن هه‌رێم دروستبكه‌ن. "به‌ڵام خۆیان له‌بنه‌ڕه‌تدا باوه‌ڕیان بهفیدراڵیزم نییه، یان باوه‌ڕێكی له‌قیان هه‌یه بهفیدراڵیزم."
به‌ڕای ئه‌و سوننه‌كان له‌و مه‌سه‌له‌یه‌دا قازانجی شه‌خسییان دواخستوهو وتیشی:"ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ببن به‌هه‌رێم، ده‌سه‌ڵاتیان زۆر به‌هێزتر ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا، وه‌ك له‌وه‌ی بهپارێزگاریی بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌وان له‌ڕوانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانه‌وه سه‌یریان نه‌كردووه‌و له‌بنه‌مادا فیدراڵیزم ڕهتدهكهنهوهو هه‌ڵوێستێكی دیاریان هه‌یه."
ئه‌و ڕایشی وابوو هیچ یه‌كێك له‌سه‌ركرده سوننه‌كان، ئه‌و ئازایه‌تییه‌ی نابێت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بوروژێنێت.
به‌ڕێوبه‌ری سه‌نته‌ری پرد هاوڕا بوو له‌گه‌ڵ ئهسهسهرداو پێی وانه‌بوو، له ئێستادا سوننه‌كان هه‌وڵی دروستكردنی هه‌رێمێكی فیدراڵی بده‌ن له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت :"تا ئێستا سوننه‌كان له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان ده‌سه‌ڵات له‌عیراقدا بگرنه‌ده‌ست و له‌ئه‌نجامی ئه‌و پاڵپشتییه‌ی كه له‌لایه‌ن وڵاتانی عه‌ره‌بیه‌وه لێیان ده‌كرێت لیستی عیراقییه زۆرترین كورسی به‌ده‌ستهێنا."
به‌ڕای ئه‌و، ئه‌مه به‌ڵگه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵێكی زۆر له‌ئارادایه سوننه‌كان له‌عیراقدا باڵاده‌ست بن، نه‌ك بكه‌ونه نێو ههرێمێكهوهو له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت :"ئه‌وه‌ی لێره‌و له‌وێ ده‌گوترێت عیراق وڵاتێكی فیدراڵییه‌و ده‌بێت هه‌رێم دروست بكرێت، ته‌نها له‌لایه‌ن به‌شێكی كه‌مه‌وه پشتگیری ده‌كرێت و ئه‌نجومه‌نی باڵای شۆڕشی ئیسلامی (كه پێشتر داواكارێكی سه‌رسه‌ختی فیدراڵی بوون)و حزبی ده‌عوه ئێستا هه‌ر باسی ناكه‌ن."
به‌پێی زانیارییه‌كان، چه‌ند ئه‌كادیمیی و رۆژنامه‌نوسی عه‌ره‌بی سوننه بیرۆكه‌كه‌یان خستۆته‌ڕو و چه‌ند دانیشتنێكیش سه‌باره‌ت به پێكهێنانی هه‌رێمێكی سوننه‌نشین كراوه له‌لایه‌ن هه‌ندێك لهسیاسهتوانه سوننه‌كانه‌وه، به‌ڵام هیچ یه‌كێك له‌وان ناتوانێت پرۆژه‌یه‌كی وا ته‌به‌نی بكات، چونكه به‌رهه‌ڵستییه‌كی زۆری بۆ دروست ده‌بێت به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن كۆنه به‌عسییه‌كانه‌وه، هه‌روه‌ك ده‌بێته هۆی دابه‌زینی ئاستی جه‌ماوه‌ری ئه‌و لایه‌نه‌ی داواكارییه‌كی وابكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ڕابردوودا باس له‌وه‌ده‌كرا، هێزه‌كانی سه‌حوه به‌پشتگیری ئه‌مریكیه‌وه ده‌یانه‌وێت هه‌رێمێكی سونه له‌خۆراوای عیراق دروست بكه‌ن. ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی هه‌بوو له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانیان. بۆیه تاكه ڕێگا بۆ ئه‌و هه‌رێمه كۆبونه‌وه‌ی باڵای هێزه سوننه‌كان و ته‌به‌نیكردنی ده‌سته‌جه‌معی ئه‌و هێزانه‌یه بۆ ئه‌و پرۆژه‌یه، كه پێده‌چێت ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی داهاتووی عیراق چه‌ترێكی له‌باربێت، بۆ چه‌كه‌ره‌كردن و په‌یداكردنی لایه‌نگری نوێ بۆ پرۆسه‌كه.
هه‌فتانه ـ عه‌دنان سه‌یدحسێن