كوردستانی هەیە، كە ئازایانە توانیویەتی لیستە كوردستانیەكان بەهەموو بیروبۆچوونێكی جیاوازەوە لە كوتلەیەكی كوردستانی كۆبكاتەوە، ئەو پێشتر وەزیر بووە لە حكوومەتی ئێراقی فیدراڵ، ئەمڕۆش وەك چاودێرێكی سیاسی بۆچوونی لەبارەی ئێراقەوە هەیە، عەبدولڕەحمان سدیق وەك چاودێرێكی رەوشی ئێراق هەمیشە بۆچوونەكانی سەرچاوەی تێفكرینی خوێندنەوەیەكی دیكەیە، لەم دیمانەیەدا لەبارەی كارنامەی لیستە كوردستانیەكانەوە بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو.

عەبدولرەحمان سدیق، چاودێری سیاسی لەبارەی بەدەنگەوەهاتنی زۆری لیستەكان بۆ ئەو كارنامە 19 خاڵەی فراكسیۆنی لیستە كوردستانیەكان ئاماژەی بەوەدا، سەبارەت بە 19 خاڵەكە، كە داواكاری فراكسیۆنی لیستە كوردستانیەكانە لەلایەنە ئێراقیەكان، پەیوەستە بە كاتەوە، لایەنە ئێراقیەكان كاندیدێكیان بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران نەبوو، تا ئەو كاتە كەس بەدەم داواكارییەكانی كوردەوە نەهات، دوای ئەوەی هاوپەیمانی نیشتیمانی جارێكی دیكە مالیكیان كاندیدكردەوە و ئەویش رازیبووە لە 18 خاڵی داواكارییەكانی كورد، تەنیا یەك خاڵی ماوە ئەویش ئەو خاڵەیە ئاماژە بە هەڵوەشانەوەی حكوومەت دەكات، كاتێك كورد لە حكوومەت پاشەكشەی كرد

ئەو چاودێرە خوێندنەوەیەكی بۆ بابەتی دواخستنی سەرژمێری هەیە، بەوەی لیستی ئەلعێراقیە پەیامێكی لەرێگای دواخستنەكەوە بۆ كورد ناردبێت، وەك ئاماژەی پێدا، دواخستنی سەرژمێری گشتی دەستی لیستی ئەلعێراقیەی تێدایە، لەبەرئەوە لیستی ئەلعێراقی دەوێت وەك پەیامێك و فشارێك ئاراستەی كوردستانی دەكات، بۆ ئەوەی كورد مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، بەڵام دواجار پێموایە هەر ئەوەیە كێ ئەو خاڵانەمان بۆ جێبەجێ دەكات، لەگەڵ ئەوەین. عەبدولڕەحمان سدیق وەك هۆشدارییەكیش و بیرهێنانەوەیەك بۆ رێككەوتنی كورد لەگەڵ مالیكی بە خەباتی راگەیاند، دەبێت ئەو ئەزموونەشمان لەبەرچاو بێت، لە 2006 بە مالیكی رازیبووین و ئەگەر پاشەكشەمان بكردایە حكوومەتەكەی هەڵدەوەشایەوە، بەڵام لەگەڵیدا بووین و بڕیاریدا بوو بە نووسینیش كە داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكات، لەبەرنامەكەیدا مالیكی سوێندی لەسەر خوارد و سێ خاڵی خستەڕوو لەبارەی ماددەی 140 و دەیگوت: پێش كۆتایی مانگی ئاداری 2007 بڕگەی یەكەمی ماددەكە كە ئاساییكردنەوەی شاری كەركووك دەبێت كۆتایی هاتبێت، دەیگوت: لە پێش كۆتایی ئابی 2007 پرۆسەی سەرژمێر لەكەركووك تەواو ببووبێت، هەروەك دەیگوت: لە كۆتایی ساڵدا دەبێت ریفراندۆم لەكەركوك كرابێت، ئەمەش بە نووسین هەیە، بۆیە ئێمە ماران گەستكراوین و ئەزموونێكمان هەیە پێویستە زەمانەتی زیاترمان دەسكەوێت لەم بوارەدا

پرسیمان، كورد لە كارنامەكەیدا زیاتر لەسەر دەستووری هەمیشەیی ئێراق رۆیشتووە، عەبدولڕەحمان سدیقیش بە تاكە سەرچاوەیەكی گرنگی زانی و گوتی: ئێمە شتێك لەم ئێراقە لەسەری كۆكین تەنیا دەستوورە، چونكە گرفتەكە لەوێدایە هاوكێشە سیاسیەكان هەمووی گۆڕاون، لە هەر ساتەوەختێكدا بیر لە پێكهێنانی حكوومەت دەكرێتەوە، لایەنە ئێراقیەكان دەچنە دەرەوە، تەنانەت پێكهێنانی حكوومەتی ئێراق، وڵاتانی عەرەبی و توركیا و ئێران و رووسیایش هەموویان قسەیان تێدا كردووە، ئەمەش بۆمان دەردەكەوێت ئەوە وڵاتانی دەرەوەیە حكوومەت دادەمەزرێنێ نەك دەنگی هاووڵاتیان. كورد لەم نێوەندەدا راست دەكات كە پشت بە دەستوور دەبەستێت كە نزیكەی سەدا هەشتا دەنگی هاووڵاتیانی بەدەستهێناوە، بەڵام بەداخەوە لایەنە ئێراقیەكان دەستووریان پێشێلكردووە، ئەگەر هەر شتێك هەبێت، دەبێت بچینە لای دادگای باڵا، كە دادگای باڵا بڕیار دەدات، نابێت دەستوور پێشێل بكرێت

عەبدولڕەحمان سدیق زۆر بە راشكاوییەوە ئاماژەی بەوەدا، جگە لە بوونی پەنایەك كە سەرۆكی كوردستانە و توانیویەتی بیروڕاجیاوازەكانی لیستە كوردستانیەكان كۆبكاتەوە لە لیستێكی كوردی، بەڵام دەبێت كورد پەنای دەرەكی هەبێت، ناوبراو لەوبارەیەوە بۆ خەباتی روونكردەوە، كورد دەبێت پشت و پەنایەكی دەرەكی هەبێت، ئەوەش بەدەستی ئێمە نییە و حەزیشمان لی نەبوو، تاكو ئێستاش كورد دوو رێگای هەیە لە دەرەوە، لە سەرئاستی ناوخۆ بەرێز مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستانمان هەیە، توانیوەیەتی بە ئازایانە لیستە كوردستانیەكان بە هەموو بیروبۆچوونە جیاوازەكانیانەوە و لەگەڵ هەموو ململانییەكاندا توانیویەتی بە كوتلەیەكی كوردستانی لەسەر ئاستی ئێراق كۆیان بكاتەوە، هەروەك چاودێرە سیاسیەكە ئاماژەی بەو پاڵشتیە دەرەكییە كرد و گوتی: لەسەر ئاستی دەرەكیش دوو ئێمە دوو پاڵپشتمان هەیە سوودی لێوەرگرین، ئەمەریكا و ئەوی دیكەش نەتەوە یەكگرتووەكانە، بەو مانایەی ئەوان بەگشتی پاڵپشتیمان ناكەن، ئەوان زۆرجار داوای نەرمی نواندنمان لێدەكەن، ئێمە ئاگاداریان بكەینەوە، نەرمی نواندنی كورد لەبەرژەوەندی ئێراق نییە