عەلی حسێن فەیلی/ بیست و سێ ساڵ و دوو سەد و حەفتا و پێنج ژمارە؛ ئەوە تەنها تەمەنی گۆڤارێک نییە، بەڵکو مانەوەی ناسنامەیەکە لە بەردەم لافاوی لەبیرچوونەوەدا. تەنها تێپەڕبوونی کات و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕۆژژمێر نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەی ئینتیمایە لە بەردەم گۆڕانکارییە خێرا و سەختەکانی سەردەمدا. ئەمڕۆ، کە «گۆڤاری فەیلی» پێ دەنێتە نێو ژمارە دوو سەد و حەفتا و پێنج (275)، ئێمە لە بەردەم وێستگەیەکی پڕ لە مانادا وەستاوین. وێستگەیەک کە یادمان دەخاتەوە ئەم گۆڤارە چۆن لە سەرەتای 23 ساڵ پێش ئێستا ، هەوڵی داوە ببێتە پەنجەرەیەک بۆ ڕامان لە ناسنامە، سەکۆی ئۆقرەگرتنی بیروڕای جیاواز، و شوێنی پاراستنی ئەزموون و مێژوویەک کە نابێت فەرامۆش بکرێ.
زیاتر لە دوو دەیە، زۆر شت لە دەوروبەرمان گۆڕا، بە تایبەت شێوازی وەشاندن و خوێندنەوە. ئەو ئامراز و پلاتفۆرمانەش کە پەیامیان پێ دەگەیشتە خوێنەر، گۆڕانکاریی بنەڕەتییان بەسەردا هات. سەردەمانێک کە مەرەکەب و کاغەز هەستێکی تایبەتیان هەبوو ژمارە چاپکراوەکانی «گۆڤاری فەیلی» هەمان ئەو تام و چێژەیان دەبەخشی کە تا نهۆ لە یادەوەریی زۆر کەسدا زیندووە. بەڵام، قۆناغی گواستنەوەی بۆ گۆڤارێکی ئەلیکترۆنیی دیجیتاڵی هەنگاوێکی سروشتی و پێویست بوو. ئەمە وای کرد گۆڤارەکە بە بەشە جیاوازەکانی، وەڵامدەرەوەی ئەو فرەڕەنگییە بێت کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا هەیە. ئەمە وای كرد بگاتە نەوەی ئەمڕۆ و لە هەمان کاتدا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ خوێنەرە دێرینەکانیش بپارێزێت.
یادی 23 ساڵەی دەرچوونی گۆفاری فەیلی لە كاتێكدایە ئەم وەرچەرخانە دیجیتاڵییە نەبووە هۆی دابەزینی ئاستی كە مایەی دڵخۆشییە . ژمارەی خوێنەرانی سەرساممان دەكات كاتێك بزانین هەموو مانگێک لە دوو سەد هەزار کەس تێدەپەڕێت. ئەم ژمارەیە تەنها ئامارێکی تەکنیکی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە هێشتا خەڵکێکی زۆر هەن بە دوای بابەتی قووڵ، فرەچەشن و بەرپرسیارانەدا دەگەڕێن.
لەم یادەدا، ئێمە بە تێڕوانینێکی نوێترەوە دەڕوانینە کار و ماندووبوونی هەموو ئەوانەی لە رابردوو ئێستادا گیانیان بە گۆڤارەکە بەخشیوە . تێڕوانینێک کە زیاتر لە جاران جەخت لەسەر ڕاستگۆیی ئەوان و رەسەنایەتی واتای كارە هەرەوەزیەكەیان دەکات.
لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژییە نوێیەکان و ژیریی دەستکرد زۆر شت بە شێوازێکی خێرا و ئامادەکراو بەرهەم دەهێنن، دەبینین، هێشتا ڕۆحی نووسین لە شوێنێکی تردایە، لە هەستی مرۆڤەكاندا، لە ئەزموونی ژیاندا، لەو بەرپرسیارێتییە ئەخلاقی و پیشەییەی کە بەرامبەر بە پاراستنی ناوی فەیلی و ناسنامەی نەتەوەیی هەمانە. بیست و سێ ساڵ بەردەوامی وچاوهەڵهێنانی 275 ژمارە ، بە واتای خەرمان بەرەکەت، چونكە ئەوە ئەنجامەكەیەتی.
بەرلە كۆتایی ساڵ (10) ژمارە لە گۆڤارەکە پەخش کراوە لێ زیاتر لە دوو ملیۆن خوێنەری بووە!! ئەم رێژەیە شانازییەكە ئاسۆی هیوا خوازی فراوانتر دەكات .