محمد رەئوف محمد/ سەرەتایەکی ترسناکە بۆ ئایندەی عێراقێک کە نەژێرخانی ئابووری ھەیەو نە ھیچ سیستمێکی ئابووری جێگیری ھەیە، دەستکاریکردنی بەھای دینار بە پەلەپڕوزەو بێ راوێژی ناوخۆی و نێودەوڵەتی و وەک ئامرازێکی پۆپۆلیستی و میکانیزمێکی سیاسی بۆ جێگیرکردنی زیاتری ھەیمەنەی کەسێک یان تەییارو تەوژمێک لەکاتێکی نەگونجاوی ھەستیاردا ئایندەی عێراق بەرەو کارەسات دەبات.
عێراق پێش چەند مانگێک بەھای دیناری بەرێژەی لەسەدا ٪٢٢ ھێنایە خوارەوە بەرانبەر بە دۆلار و ھۆکاری سەرەکیش ئەوەیە کەبتوانێت مووچە لەکاتی خۆیداو ھەموو مانگێک بیدات و دابەشیکات ، لەھەمان کاتدا بازار دەستی بەگرانبوون کرد بە ھەمان رێژەو ھاولاتییش باجەکەی دەدات ، کەواتە مووچەخۆر دووجار باجی قورسی داوە..
بەھەموو پێوەرێکی ئابووری و لۆژیکی دابەزاندنەکە چەند سەقەت و دوور لەپاساوی ئابووری بوو ئەگەر ئێستا دەستکاری بکرێتەوەو بەرز کرێتەوە سەقەتترو خراپترە..
عێراق نەپارو نە ئەمساڵ کێشەی داھات و نەقدی نەبووەو نیە بەڵکو کێشەی گەندەڵی و دیار نەمانی ملیارەھا دۆلاری ھەیە، عێراق کێشەی سیاسەتی نەقدی و بانکی و دارایی ھەیە، کێشەی تەرخانکردنی بوجەی زەبەلاحی سەربازی و ئەمنی دەمامکداری فەرمی و نافەرمی ھەیە ، کێشەی کڕینی چەکی بەردەوامی بێ ھوودەو بێ پلانی ھەیە، کێشەی حووتە شەخسی و حیزبیەکانی ھەیە، کێشەی کڕینی خزمەتگوزاری ساختەی وەک کارەبای ھەیە ، ئەو کێشە گەورەو زەبەلاحانە بەدابەزاندن و سەرخستنی نەقد چارەسەر نابن بەڵکو بە چاکسازی و پرۆسێسێکی چاکسازی ریشەیی راست و دروست و بەردەوام چارەسەر دەبێت..
سەرکردەکانی عێراق کەزۆربەیان لە ئابووریدا نەخوێندەوارن نابێت چاو لەتورکیاو ئێران بکەن و بڵێن ئەوان کێشەی نرخی دراوو نەختینەیان ھەیەو چەند ساڵیشە ماون و بەردەوامن ، نەخێر ئەوە پێی دەوترێت قیاسی سەقەت و نادروست ، ئەوان دەوڵەتن ، خاوەنی ژێرخانی ئابوورین ، پیشەسازین ، ھەناردەکردن بنەمای ئابووریانە نەک ھاوردەکردن، بەھەردوکیان بە شێوەی ڕێژەیی لێکدانەوەی بۆ بکرێت بەئەندازەی عێراق مووچە خۆریان نیە ، ھەموو کەسێک لەودوو ولاتە بەرھەم ھێنە جگە لە رێژەی بێکاریەکەیان ، لەودوو ولاتەدا کاتژمێری بەرھەمھێنان لەکەرتی تایبەتدا زۆربەرزەو ، لەکەرتی گشتیدا زۆر لە عێراق باشترە ، بەلام لە عێراقدا کاتی بەرھەم ھاتوو لە ھەشت سعاتی کار تەنھا ٢٠ دەقیقەی بەرھەم دێت .
ساڵانە بۆ عێراق درۆیەکی گەورەی ئابووری دەمامکدار دەکرێت ئەویش دیاریکردنی رێژەی گەشەی ئابووریە و ناویشی بەساختەو درۆوە لە ریزی ووڵاتاندا دەنوسرێت ، ئاخر درۆکە لەوێدایە کە تەنھا پێوەری گەشەی ئابووری بۆ عێراق بریتیە لە ئاستی زیادکردنی ھەناردەکردنی نەوت ، ئەوەش پێچەوانەی پێوەرەکانی گەشەی ئابووریە..
لە کۆتاییدا ئەگەر عێراق خۆی بچوێنێ بە وڵاتێکی وەک لوبنان باشترو نزیکترە لێیەوە تا چاو لە ولاتانی پێشکەوتووی ئابووری و سیاسی و کۆمەلایەتی بکات ..
لەکۆتاییدا دەلێم یاریکردنی سیاسی و پۆپۆلیستی بەسیاسەتی دارای و نەقدی سەری کۆی پارەکە دەخوات و ھیچ کێشەو قەیرانێکیش چارەسەرناکات.
ئەگەر خوولی نوێی حوکمرانی ئا بەمشێوەیە دەستپێبکات کەواتە ساڵانێکی سەخت چاوەروانی عێراقیەکان دەکات لەبەرئەوەی قوڕەکە خەستتر دەبێتەوە.