هێرشی سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری توركیا دژی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی دیكه‌ درێژكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش چواره‌مین جاره‌ ئه‌م بڕیاره‌ درێژده‌كرێته‌وه‌ به‌پاساوی له‌ناوبردنی بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌.

له‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ماوه‌ی 26 ساڵه‌ له‌نێوان هێزه‌كانی سوپای توركیا و چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌دا به‌رده‌وامه‌، تائیستا زیاتر له‌بیست جار هێزه‌كانی توركیا سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانیان به‌زاندووه‌، جگه‌ له‌هێرشه‌ به‌رده‌وامه‌كانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كان و تۆپبارانكردن، كه‌بووه‌ هۆكاری لێكه‌وتنی زه‌ره‌رێكی گه‌وره‌ی ماددی و گیانی و ژینگه‌یی بۆ هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش  له‌جیاتی لاوازكردنی په‌كه‌كه‌، به‌هێزتربووه‌، ئه‌مه‌ش  به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌كێشه‌ی كورد به‌رێگه‌ی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر نابێت، كه‌خودی عه‌بدوڵڵا گول سه‌رۆك كۆماری توركیا له‌وته‌ی ئه‌م دواییه‌ی خۆیدا له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی توركیا ئاماژه‌ی به‌و راستییه‌ كرد كه‌ ئه‌م كێشه‌یه‌ ته‌نیا لایه‌نه‌ سه‌ربازییه‌كه‌ ناگرێته‌وه‌، به‌ڵكو لایه‌نی كللتوری و سیاسی و كۆمه‌لایه‌تی و ئابووریش ده‌گرێته‌وه‌و له‌م روانگه‌یه‌وه‌ داوای چاره‌سه‌رێكی گونجاو بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌ ده‌كات.

ئه‌م بڕیاره‌ی له‌شكركێشی بۆ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان به‌پاساوی هێرش بۆ سه‌ر بنكه‌كانی په‌كه‌كه‌، له‌كاتێكدایه‌ كه‌ئاگر بڕه‌كه‌ی په‌كه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌و ئاماده‌یی خۆیان راگه‌یاندووه‌ كه‌ئه‌گه‌ر گۆڕانكاری ئیجابی له‌هه‌ڵویستی حكومه‌تدا ببینین، ئه‌و ئاگربڕه‌ كاتیه‌ ده‌كه‌ینه‌ ئاگربڕێكی به‌رده‌وام، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی حكومه‌تی توركیا له‌كاتێكی وادا، ناكه‌وێته‌ خزمه‌تی پرۆسه‌ی ئاشتییه‌وه‌، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ شه‌ڕو پێكدادان له‌نێوان چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌و هێزه‌كانی توركیا ده‌ستپێبكاته‌وه‌و توندوتیژی شوێنی هه‌وڵه‌كانی ئاشتی بگرێته‌وه‌. جێی سه‌رنجیشه‌ حكومه‌تی توركیا تائیستا هیچ هه‌ڵوێستێكی ئیجابی نه‌بووه‌ به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵویسته‌ی په‌كه‌كه‌، به‌ڵكو له‌رۆژی 16/10/2010 سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان له‌لێدوانێكیدا به‌توندی دژایه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ ده‌ربڕی  كه‌باس له‌ئاشتی ده‌كه‌ن و وتی: چ ئاشتییه‌كه‌ كه‌ئێوه‌ باسی لێده‌كه‌ن؟ ئه‌مانه‌ درۆ ده‌كه‌ن، ئاشتی له‌قاموسیاندا نییه‌ و ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن با چه‌كه‌كانیان دابنێن و خۆیان راده‌ست  بكه‌ن و رایگه‌یاند: BDP نوێنه‌ری هاوولاتییه‌ كورده‌كانم نین و ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌ به‌ده‌ستی ده‌خه‌ن له‌ژێر گوشاری چه‌كدایه‌ به‌ده‌ستی ده‌خه‌ن، بۆیه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی كه‌باس له‌ئاشتی ده‌كه‌ن، هه‌مووی درۆن، ئه‌م قسانه‌ی ئه‌ردۆگان نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ كه‌حكومه‌تی توركیا هیچ پرۆژیه‌كی تازه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو له‌چوارچێوه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ كلاسیكییانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیاو له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئێستادا كه‌هاتۆته‌ ئاراوه‌ جموجۆڵ و ره‌فتاربه‌رامبه‌ر به‌كورد جموجۆڵ ده‌كات و ره‌فتار.

ده‌رباره‌ی بڕیاری درێژكردنه‌وه‌ی واده‌ی ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور، سه‌ڵاحه‌دین ده‌مرتاش سه‌رۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی، وتی: پرسیار ده‌كه‌م له‌كاتێكدا كه‌ په‌كه‌كه‌ ئاگربڕی راگه‌یاندووه‌، چ پێویستییه‌ك به‌ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور هه‌یه‌؟ به‌تایبه‌ت له‌كاتێكدا كه‌په‌كه‌كه‌ ئاماده‌یی خۆی رایگه‌یاندووه‌ بۆ گۆڕینی  ئه‌م ئاگربڕه‌ كاتییه‌ به‌ئاگربڕێكی به‌رده‌وام، له‌كاتێكی وادا ئه‌گه‌ر حكومه‌ت سووربێت له‌سه‌ر هێرشبرن بۆ سه‌ر په‌كه‌كه‌، ئه‌مه‌ به‌واتای ئه‌وه‌ دێت كه‌ حكومه‌ت به‌نیازی تێكشكاندنی بڕیاری ئاگربڕه‌كه‌یه‌و ئاشتی له‌ئه‌جێندایدا نییه‌، ئه‌م بریاری ئاگربڕه‌ وا به‌ئاسانی نه‌هاتۆته‌ كایه‌وه‌، به‌ڵكو به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی زۆر لایه‌ن بووه‌، ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شانی حكومه‌ت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ له‌ده‌ست نه‌دات و گوێ له‌ده‌نگه‌كانی ئاشتیخوازان بگرێت، كه‌داوای كۆتاییهێنان به‌م شه‌ره‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ له‌جیاتی بڕیاری به‌زاندنی سنووره‌كان و ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان، پێویسته‌ حكومه‌ت بیر له‌داڕشتنی ده‌ستوورو یاسای نوێ بكاته‌وه‌و هه‌نگاوی پراكتیكی بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی حكومه‌ت ترس و دوودڵییه‌كی خستۆته‌ ناو هاوولاتیانه‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ رۆژنامه‌نووس محه‌مه‌د عه‌لی بیراند له‌سه‌ر جموجۆڵه‌كانی حكومه‌ت و هه‌ڵویسته‌كه‌ی بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌ و بڕیاری له‌شكركێشی بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ بێین بیر له‌له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌ بكه‌ینه‌وه‌ به‌هه‌وڵی دیبلۆماسی، له‌م لاوله‌ولاو به‌سه‌ردانی به‌غدا و دیمه‌شق و واشنتۆن و به‌بڕیاری ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور، ئه‌مه‌ شتێكی مه‌حاڵه‌ جگه‌ له‌خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تان هیچی دیكه‌ نییه‌ چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ بیست و شه‌ش ساڵه‌ ئێمه‌ به‌كاری ده‌هێنین هیچ سوودێكی نه‌بووه‌ ، به‌ڵكو په‌كه‌كه‌ به‌هێزتر بووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ هێزی خۆی له‌هاوولاتیانی كورد وه‌رده‌گرێت، تاكه‌ رێگه‌ بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ئێمه‌ هه‌نگاوی بوێرانه‌ ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كورد بنێین.

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نوس عه‌مره‌ ئۆسلۆ له‌رۆژنامه‌ی ته‌ره‌ف و مامۆستا له‌زانكۆی یه‌دی ته‌په‌، وتی: ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور هیچ سوودێكی نییه‌، چونكه‌ له‌ناو خودی خاكی توركیادا چه‌ندین كه‌مپی سه‌ربازی په‌كه‌كه‌ هه‌ن كه‌ سێ له‌وانه‌ ته‌نیا ده‌ تا پانزه‌ كیلۆمه‌تر له‌ناوه‌ندی شاری هه‌كارییه‌وه‌ دورن، بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی ئۆپه‌راسۆنی سه‌ربازی له‌ده‌ره‌وه‌ی سنوور ئه‌نجام بده‌ین، پێویسته‌   ئه‌م كه‌مپانه‌ له‌ناوبه‌رین كه‌ شتێكی ئاسانیش نییه‌، چونكه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر به‌رز له‌خه‌ڵكی هه‌كاری پرۆسه‌ی ریفراندۆمیان بایكۆت كردبوو و ته‌نها له‌ناوبردنی كه‌مپه‌ سه‌ربازییه‌كان كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ناكات ، به‌ڵكو پێویسته‌ حكومه‌ت هه‌نگاوێكی وه‌ها بنێت كه‌ په‌كه‌كه‌ هێزه‌ چه‌كدارییه‌كانی خۆی له‌ناو توركیادا پاشه‌كێشی بكات بۆ ده‌ره‌وه‌ی سنوور ته‌نها به‌م شێوازه‌ رێگه‌ خۆش ده‌كرێت بۆ ئاشتی.

گومانی تێدا نیه‌ كه‌ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی ئیستای حكومه‌ت له‌خزمه‌تی ئاشتیدا نییه‌و كێشه‌ی كورد به‌دانیشتنه‌ داخراوه‌كان و نهێنی په‌رله‌مان چاره‌سه‌ر نابێت، به‌ڵكو به‌گفتوگۆیه‌كی ئازادانه‌و كراوانه‌ كه‌هه‌ركه‌سێك بتوانێت بیروڕای خۆی ده‌ربری ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌. ئه‌وه‌ی ئیستا به‌دیار ده‌كه‌وێت له‌هه‌ڵویستی حكومه‌تی توركیا ئه‌مه‌ نییه‌ ، به‌ڵكو له‌جیاتی ئه‌وه‌ حكومه‌ت كه‌وتۆته‌ ناو جموجۆلێكی چڕ بۆ له‌ناوبردنی په‌كه‌كه‌ كه‌ ئه‌مه‌ كارێكی زۆر زه‌حمه‌ت و به‌په‌راوێز كردنی په‌كه‌كه‌ كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر نابێت .

knwe