مهركهزیخوازهوه له‌چوار ساڵی دادێ پرۆژه‌و داخوازییه‌كانمان به‌كێ ده‌سپێرین؟ ئه‌م ورده جه‌ده‌له ماوه‌ی نێوان لایه‌نگرانی مالكی و دژه‌كانی دوا فه‌سڵی كورتی ناڕهزاییهو سه‌ره‌نجام كۆتاییدێت، بازه‌كه له‌سه‌ر شانی مالكی نیشته‌وه‌و ئه‌وی ده‌یه‌وێ چانسی هه‌بێ ده‌بێ له‌گه‌ڵ ئه‌و بكه‌وێته گفتوگۆی به‌ش و داخوازییهوه.
كورد باشی كرد له‌یه‌ك مه‌سافه له‌نێوان فراكسیۆنه گه‌وره‌كاندا مایه‌وه‌و خۆی وه‌ك هه‌ندێك فراكسیۆنی تر سه‌غڵه‌ت نه‌كرد، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌وانی تر ته‌كان و خۆنیشاندان به‌شێك بێت له‌گه‌مه‌ی دیموكراسی و یارییه‌كه به‌و جۆره پڕ سپرایزو گرته‌ی جوان بێت، ئه‌وا بۆ كورد بچووكترین جووڵه‌ی ناته‌واو و له‌ناكاو، له‌سه‌ر مه‌سه‌له نه‌ته‌وایه‌تییه‌كه‌ی و ریتمی هێمنی سیاسه‌تی به‌دیهاتنی داخوازییه‌كان ده‌كه‌وت، نه‌ك ته‌نها زه‌ره‌رو زیانی بهیاریكهرانی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان ده‌گه‌یاند.
تائێستا چاكمان كرد كهپهلهمان له‌دانوستان و بنمێچی به‌رزو نزمی داخوازییه‌كانمان نه‌كرد، له‌مه‌ودوا خراپ ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر به‌كاوه‌خۆ بین. یارییه‌كه بۆ هه‌ندێك ته‌واو، بۆ كورد له‌م هه‌فته‌یه‌وه ده‌ستپێده‌كات.
نه‌خشه‌ی رێگای داخوازییه‌كانی كورد پرۆژه (19) خاڵه‌كه‌یه، ئه‌وی ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا ئیئتیلافی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كان دایانه ده‌ست لیسته براوه‌كان و میدیاكانیش بلاویانكرده‌وه، كاتی خۆی ره‌خنه‌ی خۆم له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێكی ئه‌و پرۆژه‌یه هه‌ر له‌م شوێنه‌دا تۆماركرد، ئێستا كه‌كورد ده‌چێته سه‌نگه‌ره‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی، كاتی ئه‌وه‌یه تێبینییه‌كان بپێچینهوهو بهگشتمان بكه‌وینه داكۆكیلێكردنی تا وتووێژكاری كورد له‌به‌غدا پشت قایم بێت.
ئه‌وه نه‌خشه رێگاكه، ئه‌مما له‌كوێ ده‌گیرسێینه‌وه، ئه‌وا په‌یوه‌ندیی بهڕهدوبهدهلی نێوان ئێمه‌و بهرامبهرهكانمانهوه هه‌یه، په‌یوه‌ندیی به‌ئایدیای سه‌رۆك وه‌زیران له‌سه‌ر دواڕۆژی ولات و زیاتر له‌وانه‌ش، په‌یوه‌ندیی به‌هاوسه‌نگی هێزو قورسایی سیاسیی كورده‌وه هه‌یه له‌چه‌سپاندنی به‌شی سه‌ره‌كی داخوازییه‌كانی.
كه‌دێینه سه‌ر قۆناغی داهاتوو ئینجا ده‌زانین ئه‌ركه‌كانمان چه‌ند قورسه، ئه‌وه‌ی رابردوو له‌چاو ئه‌وی دادێ جموجۆڵی لایه‌نه‌كان بوو له‌سه‌ر ئیستحقاقی حزبی. له‌یه‌كه‌م دانیشتنی لایه‌نی كوردستانی له‌گه‌ڵ تیمی هاوپه‌یمانیی نیشتمانییه‌وه ئیتر گفتوگۆ راسته‌قینه‌كه له‌سه‌ر نه‌ك هه‌ر به‌رنامه‌ی حكومه‌ت، به‌ڵكو له‌سه‌ر شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عیراق و دابه‌شكردنی هێزو ده‌سه‌لاته ماددی و ئابوورییه‌كان ده‌ستپێده‌كات. ده‌توانین بڵێین شه‌ڕكردن له‌سه‌ر ئه‌م پله‌و ئه‌و پایه‌ی سیاسی له‌حكومه‌ت و ده‌زگاكانیدا ده‌بێته ئاماژه‌یه‌كی ئاشكرا بۆ شه‌ڕێكی په‌نهانی په‌یوه‌ند به‌و به‌شه‌وه كه‌هه‌ر لایه‌نێك له‌ده‌وڵه‌تی ئیتیحادیدا وه‌ریده‌گرێت، چونكه ئه‌وی له‌م قۆناغه ئینتیقالییهدا له‌حكومه‌تی ئێستا به‌ده‌ستدێت ته‌قریبه‌ن ده‌بێته به‌شێكی جێگیر له‌ده‌وڵه‌تی نه‌گۆڕی ولات، بۆیه پێویسته وتووێژكاری كورد له‌دانوستاندا به‌و دیده ستراتیژییه بیر بكاته‌وه‌و تێزه‌كانی بخاته‌ڕوو كه‌بۆ چوار ساڵ نییه، بگره، بێ په‌رگیری، بۆ چل ساڵی داهاتووی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عیراقه تا ئیتر ده‌وڵه‌ته‌كه له‌شێوه‌یه‌كی دیموكراتی و فیدرالی راسته‌قینه‌دا ده‌گیرسێته‌وه كه له‌گه‌ڵ رۆحی ده‌ستووری په‌سه‌ندكراوی عیراقدا بگونجێ. به‌م پێیه له‌گه‌ڵ بڕانه‌وه‌ی باسوخواسی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتوو، گفتوگۆی لهمهحكدانی ده‌ستوورو ئه‌ندازه‌ی پابه‌ندێتی به‌رۆح و بڕگه‌كانییه‌وه، ده‌ستپێده‌كات. كورد له‌م مه‌یدانه‌دا هاوبه‌شێكی سه‌نگینه‌و شه‌ڕێكی قورسیشی له‌پێشه.