گەلی كوردستان، بەتایبەتی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو بە زۆر قۆناغی سەخت تێپەڕی، بەردەوام دووچاری شەڕی پاکتاوی و جەنگی دەروونی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا توانی بە برینداری هێزی خۆی کۆبکاتەوە و کار بۆ مانەوە خۆی بکات.
لەو قۆناغە و تەنانەت پێش ئەو قۆناغيش ناسەقامگیری لە هەموو ڕوویەکەوە باڵی کێشابوو بەسەر کۆمەڵەی كوردستان.
زۆر بە دەگمەن دەرفەت هەبوو بۆ کارکردن لەسەر پرۆژەی دووبارە بونیادنانی کەسایەتی کوردستانی و دروستکردنی متمانە لە نێو کۆمەڵەی كوردستانی و بڵاوکردنەوەی ئاسایش و ئاشتی لە نێوان نەتەوە و ئاین و ئاینزاکانی کوردستان و هاندانی پرۆژەی سەرخستنی زمانی دیالۆگ بەسەر زمانی زبر و بەکارهێنانی هەڕەشە و تۆقاندن و کارکردن بۆ باڵادەستی زمانی ژیان بەسەر زمانی مەرگ.
گەلی كوردستان ئەمڕۆ زیاتر لە هەموو کاتێ پێویستی بە پرۆژەی درووستکرنی ڕای گشتی نوێ هەیە، کە بونیادنان و پەرەپێدان و پێشکەوتن لە خۆ بگرێت و تێکدان و دواکەوتن ڕەت بکاتەوە.
پرۆژەی ڕاستکردنەوەی چەمکە ناتەندرووستەکان لە ڕێباز و باوەڕ و دەستەواژە پیرۆزەکان پیویستیەکی هەنوکەییە.
ئەو پرۆژەیەی کۆمەڵگا بەهێز دەکات و بەهای دادپەروەی و ئازادی و دانپێنان بە کەسی تر لە خۆ دەگرێت.
ئەو پرۆژەیەی قەناعەتی نوێ بۆ بەکارهێنانی ناتوندوتیژی پشت ئەستوور بە بنچینە و بەها شارستانیەتەکان درووست دەکات.
پێمان وایە هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و مومارەسەیەکی شارستانیانە زەمینە ساز دەکات دەکات بۆ درووستبوونی دیالۆگی شارستانیانە و قبوڵکردنی کەسی بەرامبەر لە پێناو گەیشتن بە چارەسەرێك بۆ ململانێەکان و لە پێناو دەستەبەرکردنی خواست و بەرژەوەندی ئەو لایەنانەی لە مشتومڕن، بێ پەنابردن بۆ توندوتیژی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانەکان.
دید و چەمکەکان لە بیر و باوەڕ و ڕێبازەکانەوە سەرچاوە دەگرن و ڕەنگدانەوەیان دەبێت لەسەر ڕەفتار و مامەڵەکردنی ڕۆژانە لەگەڵ دەوروبەر .
بۆیە ئاراستەکردنی مرۆڤەکان و گۆڕینی ڕێڕەویان بەرەو ناتوندوتیژی لە خودی مرۆڤ و لە بیر و باوەڕ و دیدگای مەرۆڤەوە دەست پێ دەکات.
بە پێویست دەزانرێت، جەخت لەسەر فەرهەنگی ناتوندوتیژی بکرێت، بۆ چەسپاندنی ڕێبازی ناتوندوتیژی لەناو هزر و ڕەفتاری تاکەکانی کۆمەڵگا.
پێویستە کار لەسەر چەمکی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لە نێوان گەلان و مافی چارەنووس بکرێت.
پێویستە دەقە ئایینیەکان و سەرجەم بەرهەمی گەورە بیرمەند و فەیلەسوف و یاسا جیهانیەکان زەق بکرێنەوە، ئەو تێکستانەی ناتوندوتیژی وەکو فەرهەنگ بەرجەستە دەکەن. پێویستە سەرچاوە ئەرێنیەکان بکرێن بە خۆراكی ڕۆژانەی تاکی کۆمەڵگا، تاوەکو بە ئاسانی کارا بکرێن و لەناو ڕەفتار و مامەڵەی ڕۆژانەی مرۆڤەکان ڕەنگدانەوەیان هەبێت.
میکانیزمەکانی کارکردن لە سەر ئەم بابەتە بریتین لە ورووژاندنیئەو زانیاری و بابەتانەی، کە هاندەری داڕشتنەوەی فەرهەنگی ناتوندوتیژین.
بوارەکانی وەکو تەفسیر و گێڕانەوە و مێژوو و ئەدەب و ڕۆمان و هونەر بەهەموو لقەکانی، دەتوانن فەرهەنگی ناتوندوتیژی بکەن بە ناوەڕۆك و دروشم.
پێویستە ئەو میتۆلۆژیا و داستانانە لەناو بدرێن، کە دەبنە مایەی بەردەوامبوون و بووژانەوەی فەرهەنگی توندوتیژی.
پێویستە نوسەر و پسپۆڕ و زانایان کارنامەی میدیا و ئامرازە میدیاییەکان دابڕێژن، یان پەسەند بکەن. هەروەها پێویستە زانایان و بیرمەندان بەرنامەی هاوچەرخی فێرکردن هەڵبژێرن، تاوەکو لە ڕێگەی ئەو بەرنامانەوە پەروەردە شێوازێکی مۆدێرن و پر لە بەهاکانی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و لێبوردەیی و زانست و ژینگەپارێزی و مافی مرۆڤ و ئاژەڵدۆستی لە خۆ دەگرێت و کتێب و بەرنامەکانی خوێندن پاك دەکرێتەوە لە هەر بابەتێك، کە پەیوەندی هەیە بە توندوتیژی.
پێویستە لە هەرێمی كوردستان ڕۆژێك دیاری بکرێت بۆ ئاشتی و برایەتی و خۆشەویستی، کە گەورەترین سەرمایەی جیهانە و ئایندەی کوردستان لەسەری بەندە.
دکتۆر سامان سۆرانی