پرسیارێك هه‌یه وڵامی یهكانگیرو هاوشێوه‌ی یه‌ك نییه؛ عیراق به‌ره‌و كوێ ده‌چێ ؟ نه‌زانیی و بێ منه‌تی حكومه‌ت له‌وه‌دایه پاش هێوربوونه‌وه‌ی كاتيی شه‌قام واده‌زانێ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر كراون ، كاتێك دامه‌زراوه‌و ده‌سه‌ڵاته‌كانی حوكمڕانی وه‌ها بیر بكه‌نه‌وه‌و ناتوانن هه‌نگاوی دروست هه‌ڵبگرن ، بۆ نموونه:
- له ئێستادا مه‌یدانێكی پڕ له جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌ك هه‌یه و ده‌سه‌ڵاتی غه‌یری حكومی و.. به شێوه‌ی ره‌ها خاوه‌نی ئه‌و بڕیارانه‌ن كه به یه‌ك په‌رله‌مان و یه‌ك حكومه‌ت جێبه‌جێ ناكرێن و سیسته‌می فیدرالی ناتوانێ له ده‌ستكه‌وته‌كانی پاش دیكتاتۆریه‌ت به‌ره‌وانی بكات چونكو هه‌ر لایه‌نێك بۆ خۆی هه‌وڵ ئه‌دات و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌كاته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی.
- بۆ ده‌رچوون له بن به‌ستی سیاسی و هێوركردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی شه‌قام دوای سالێك چه‌قبه‌ستن بیانووی پێكهێنانی ئه‌م حكومه‌ته به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته بوو له‌كاتێكدا پارته باڵاده‌سته‌كان تا نهۆ ئوپوزسیون به ره‌سمی ناناسن و ته‌نیا ده‌خوازن یاسای هه‌ڵبژاردن هه‌موار بكه‌نه‌وه. گریمان دۆخه‌كه هه‌روا بمێنێ ئایا شوێنهاتهكانی هه‌ر له‌و ئاسته‌ی ئێستادا ده‌مێنێ؟ باشه له هه‌ڵبژاردن كێ ده‌بێ ركابه‌ری كێ بكات؟ ئه‌گه‌ر بڕیاربێ خۆیان بۆ خۆیان ركابه‌ر دروست بكه‌ن ئیدی هه‌ڵبژاردن چ واتایه‌كی هه‌یه؟
ركابه‌ریی سیاسی له سنووری خۆی ترازاوه و جه‌ماوه‌ر ناخوازێ كاندیدی پوپولیست و ئه‌وانه‌ی ركابه‌ره‌كانیان به ره‌سمی ناناسن له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا سه‌ركه‌ون . به‌شداربوانی پرۆسه‌ی سیاسی نه‌ته‌نیا بۆ هیۆركردنه‌وه‌ی شه‌قام به‌ڵكو بۆ ئاسووده‌یی خۆشیان، ده‌بێ بڕوا بهێنن كه ناتوانن هه‌میشه له ناو دۆخی ململانێی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بمێننه‌وه. پارتی براوه‌و دۆڕاو ده‌بێ له ناو په‌رله‌مان هاوكاری یه‌كتر بن چونكو 90% ی یاسا‌و بڕیاره‌كان ده‌بێ ناسیاسی بن به‌ڵام فراكسیۆنه‌كان نه ته‌نیا هاوكاری یه‌كتر نین به‌ڵكو وه‌ك خه‌نیمی یهكتركاردهكهن.
- شوێنهاتهكانی گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تی و كاره‌ساته به‌رده‌وامه‌كانی ململانێی سیاسی له جێی خۆی، كێ به‌رپرسی دابه‌زینی نرخی دیناره كه به هۆی ههڵهكارییهكان ملیاره‌ها دۆلار زیانی به ئابووری ئه‌م وڵاته گه‌یاندووه ، بێ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت زیانبژێر بێ ته‌نیا هه‌ژارتركردنی هاوڵاتی بۆته ئامانج.
دڵنیاكردن وبه‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی خه‌ڵك به‌و سیاسه‌ت و شێوازه‌ی كه بره‌وی پێدراوه گه‌لێك دژواره، كاره‌ساته به ئه‌ده‌بیاتی سه‌رده‌می به‌عس ئه‌و جیله نوێیه رازی بكه‌ی كه نه ئه‌و دۆزه‌خه و نه ئه‌و دیكتاتۆرهیان دیوه تا لێی بترسن. ئه‌مرۆ ئه‌گه‌ر له خه‌ڵك پرسیار بكرێ له‌م شێوازه‌ی ده‌سه‌ڵات و سیستمی حوكمڕانی رازین به دڵنیایی وڵامی زۆربه‌یان نه‌خێره. حكومه‌ت ته‌نیا لایه‌نی سیاسی نییه به‌ڵكو لایه‌نی ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تی و.. زۆر به‌رپرسیاریه‌تی تری هه‌یه ، ده‌سه‌ڵات ده‌بێ به‌رده‌وام بیری لای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی خه‌ڵك بێ. ئایا ئه‌وه له هه‌گبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و ئاسۆی ئه‌م وڵاته به‌دی ده‌كرێ؟