عه‌لی حسێن فه‌یلی/ متمانه‌ به‌ كه‌سێك به‌و واتایه‌ نییه‌ كه‌ خه‌ڵك متمانه‌یان به‌ كه‌سی دیكه‌ نییه‌ . له‌ سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن بۆ  په‌رله‌مانی كوردستان   كاتێك باسی هه‌رێم ده‌كرێ پرسیار ئه‌وه‌یه‌؛  پارته‌ سیاسییه‌كان چ به‌رنامه‌ێكیان هه‌یه‌ ، ئایا  قورسایی و سه‌نگیان  وه‌ك خۆی ماوه‌و ره‌نگه‌ تۆخه‌كه‌ی  پێگه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان كاڵ بووه‌ یان نه‌بووه‌ ؟ 

ئاساییه‌ له‌ كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كاندا شێوازی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ كێشه‌و ململانێ سیاسیه‌كانی ناوخۆیی  به‌ واتای جه‌نگ و ئاگربه‌ست  نییه‌ به‌ڵكو  ركابه‌ریه‌ و پیشانده‌ری ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ بنیات و بانگه‌شه‌ی  هه‌ڵبژاردن ئه‌زموون و هه‌وڵی  چاره‌سه‌ری نوێ  دێنێته‌ ئارا،  ‌له‌و سونگه‌وه‌ كه‌ خواستی خه‌ڵك گوزه‌ركردنه‌ له‌م‌ دۆخه‌  و دیدی سه‌ركرده‌كانیش ئیقناعی خه‌ڵكه‌ و هه‌ڵبژاردنیش باشترین ئامرازی سه‌رخستنی پرۆسه‌ی‌ دیموكراسیه‌ .

لایه‌نه‌ به‌شداربووه‌كانی  هه‌ڵبژاردن ده‌زانن  به‌ ئاسانی  ناكرێ خه‌ڵكێك ئیقناع بكرێ كه‌ زیاتر له‌  50%یان نه‌ كیمیا باران و تاوانه‌كانی  سه‌ددامیان دیوه‌ و نه‌ تاڵاوی شه‌ڕی ناوخۆییان چێشووه‌ . رێژه‌یه‌كیان (تازه‌ لاو)  بۆ یه‌كه‌مجاره‌ به‌شداریی پرۆسه‌كه‌ ده‌كه‌ن به‌ڵام دیسان تێبینی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌دای سیاسی و دۆخی‌  ئابووری و كه‌مایه‌سییه‌كان هه‌یه‌ . ئه‌و لایه‌نانه‌ی گه‌وره‌ ده‌سه‌ڵاتدارن ،  له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند ده‌یه‌ی ئه‌و قه‌رنه‌و ئه‌م سه‌ده‌یه‌  ئه‌زموون و پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆیان‌ به‌ده‌ستهێناوه‌ ‌،  ده‌زانن ئاقاره‌كان به‌ بوونی ته‌نگه‌ژه‌و كێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كراو به‌ره‌وه‌   ركابه‌رییه‌كی ‌  دژوار ده‌چێ‌ ‌‌. 

ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕمه‌ندن كه‌ میلله‌ت گۆڕانكاری ده‌خوازێ ده‌ڵێن؛  كورد قه‌رزاری شه‌ڕێكی ناوخۆیی دیكه‌ نییه‌ چونكو  جیهان به‌ره‌و  كرانه‌وه‌و روونتربوونی واقعیه‌ته‌كان ده‌چێ ، پاشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ بڕیارو سیاسه‌تی زیانبه‌خش زۆر ئاسانتره‌ له‌ چاره‌سه‌ركردن و قه‌ره‌بووی زیانی  هه‌ڵه‌كاریی‌‌. ئاساییه‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان  ده‌خوازن به‌ ده‌نگی خۆیان له‌  ئه‌نجامه‌ ئه‌رێنییه‌كانی هه‌ڵبژاردن  به‌هره‌مه‌ند بن. 

له‌ دنیای سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌كان  بۆ ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان  وشه‌ی( ده‌بێ) ناخوات. هه‌ر پارتێك له‌ ئه‌ندێشه‌ی  سیاسی خۆیدا خاوه‌ن به‌رنامه‌ وهزری‌ سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌ڵام كۆتایی هێنان به‌ ناكۆكی و ته‌نگه‌ژی سیاسی و ئیداری و.. به‌  واتای  پابه‌ندییه‌ به‌ پرنسیپ و به‌هاكان دروست رافه‌ كردنی واتاكان بۆ ئه‌وه‌ی هیواكان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی گشتی هه‌ڵچنرێن (هه‌ڵبژاردن  به‌ واتای  دوژمنایه‌تی نییه‌ به‌ڵكو له‌  پرۆسه‌ی دیموكراسیدا  به‌واتای ركابه‌رییه‌ و مافێكی   سروشتی و یاساییه‌ بۆ هه‌موان) ،   به‌ پێچه‌وانه‌ په‌كخستنی پرۆسه‌كه‌    جیا له‌ ئاڵوزكردنی دۆخه‌كه‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ به‌رمه‌ترسی.