عه‌لی حسێن فه‌یلی/ كۆمێنتێك دێته‌وه‌ یادم كه‌ ده‌بێ دووباره‌ بیخوێنمه‌وه‌‌: له‌ هه‌و‌ڵ و تێكۆشان رامه‌وه‌سته‌.
مرۆف ئه‌گه‌ر پێش زه‌مانی خۆی بكه‌وێ كورد، عه‌ره‌ب و‌ .. جیاوازییان نییه‌. ئه‌وانه‌ی په‌یامی ئه‌و كۆمینته‌ به‌ یادو باسی فه‌یلییه‌كان گرێ ئه‌ده‌ن، له‌ دژواریی واتاكه‌ی و پێویستی هه‌وڵو تیكۆشانی به‌رده‌وام باش تێده‌گه‌ن. به‌رهه‌می خه‌رجی تواناو كاتێكی زۆری فه‌یلییه‌كان‌ له‌ سۆشیال میدیا كه‌ 99%ی ئه‌و كه‌سانه‌ی بابه‌تی‌ دانراو ده‌بینن و ده‌خوێننه‌وه‌ ، له‌ حاڵه‌تی ئاساییدا ته‌نیا هاوبیری ئاشنا و ناسیاون و لایك و شێری ئه‌و بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌یی كاره‌ساته‌كه‌و ژماره‌ی قوربانیه‌كان هاوسه‌نگ نییه‌.
فه‌یس بوك و ده‌سته‌خوشكه‌كانی له‌ روانگه‌ی بازرگانی به‌ ئه‌ندێشه‌ و ئازادی په‌یام راگه‌یاندن ده‌رفه‌تیان ره‌خساندووه‌ كه‌ به‌ بڕه‌ پاره‌یه‌ك خه‌ڵكیكی زیاتر په‌ڵكیشی سه‌رنج دانو خوێندنه‌وه‌ی بابه‌تێكی تایبه‌ت بكرێن. ئیدی ئه‌و كاته‌ به‌سه‌رچووه‌ كه‌ پاره‌ت بده‌نێ تا ببینی و بخوێنیته‌وه‌، مۆدیل و شێوازی سه‌ركه‌وتووی فیس بوك بۆ ره‌خساندنی رووبه‌ری فراوانتر به‌خۆرایی نییه‌ و ده‌بێ گۆژمه‌یه‌ك ته‌رخان بكرێ ! هه‌رچه‌ند به‌ شیوه‌ ئاساییه‌كه‌ی كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی بابه‌تێك ، دۆست، هاوبیرو هاوپیشه یه‌كتر ده‌خوێننه‌وه‌.
له‌و شوێنه‌دا كه‌ فه‌یلییه‌كان به‌دواداچوون ده‌كه‌ن و به‌ تامه‌زرۆییه‌وه‌ نیشتمانی بیستن، ‌یبینن و خوێندنه‌وه‌یان له‌ سوشیال میدیا بنیات ده‌نێن، سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رزوو به‌شی زۆریان ده‌رگاكانیان كڵۆم ده‌كرێ‌، بۆ؟
هه‌ر ئه‌رك و كارێك ‌ خه‌رجی ماددی و هزری و ماندوو بوونی له‌ پشته‌وه بێ هه‌م خۆشه‌ویسته‌ و هه‌م پیرۆزه‌ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی‌. ئه‌و‌ سایت و په‌یج و وبلاگانه‌ی به‌ هه‌موو باره‌كاندا ئازاد ده‌ژین و گوایا ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی كه‌س به‌سه‌ریاندا ناشكی و ده‌كرێ ده‌رفه‌تێك بن بۆ خزمه‌ت به‌ دۆسیه‌ی فه‌یلییه‌كان، هه‌ڵسوورێنه‌رانیان ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه‌ سنووری ئه‌و بواره‌ گه‌لێك به‌رفراوان نییه‌ ، له‌‌ په‌یجێك بۆ وێنه‌ له‌ سه‌دان كه‌سی روخسار ئاشنا زیاتر تێناپه‌ڕێ و هه‌مووی وه‌ك كورد ده‌ڵێ له‌یه‌ك به‌ره‌ بابن و خۆیین .


هه‌ر كوردێكی فه‌یلی وه‌ك خه‌ڵكی دیكه‌ ئه‌و مافه‌ی هه‌یه‌ سایت و په‌یجی خۆی هه‌بێ لێ ئه‌گه‌ر باسه‌كه‌ ته‌نیا له‌ناو بازنه‌ی داخراوی فه‌یلیایه‌تی بێ ، ده‌نگه‌كان به‌ ناروونی، بڕیاره‌كان له‌ هه‌ناوی خه‌یاڵدان و به‌رنامه‌كان بێ هاریكاری ناگه‌نه‌ شوێنی مه‌به‌ست.
بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی دیكه‌ تێكه‌ڵ به‌و مه‌ینه‌تیانه‌ ئاخ هه‌ڵكێشن، ده‌بێ ده‌سته‌واژه‌ی هه‌مه‌ گیرو هه‌مه‌ په‌سه‌ند به‌كاربهێنرێ . چل ساڵه‌ گله‌و گازه‌نده‌كان ئه‌وه‌یه‌؛ ده‌خوازن فه‌یلییه‌كان بێده‌نگ، بێ هه‌ڵویست ، بێ به‌رنامه‌ و ناهومید بن!
تا ئه‌و كاته‌ی په‌چه‌ له‌سه‌ر ئه‌ندێشه‌و خواستی ئینسانێك لانه‌درێ كه‌س ئه‌وه‌ نازانێ كه‌ ئه‌و چی ده‌خوازێ! بێ هه‌وڵدان ئه‌و رۆژه‌ ناێت كه‌ هه‌موان ‌ له‌ ئاست ئه‌و دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ به‌ده‌نگ بێن و به‌رپرسیاریه‌تی بكه‌ن به‌ میراتی برا به‌ش‌.
برا یه‌كی ئازیز‌م ، ( نووسه‌رو وه‌رزشوان و خه‌مخۆری تا ئیسقان فه‌یلی ) له‌ چله‌یمین ساڵیادی جینوسایدی فه‌یلییه‌كان ‌ ئه‌وه‌ی هێنایه‌ یاد كه‌ نابێ ته‌نیا بۆ خۆمان بنووسین به‌ڵكو له‌ باره‌ی خۆمان بۆ خه‌ڵكی دیكه‌ بنووسین. ده‌بێ هه‌موو پانتاییه‌ك بكه‌ینه‌ ده‌رفه‌ت بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌ندیشه‌و خواسته‌كانمان، باسكردنی مه‌ینه‌تی و ره‌نج و مافه‌كانمان . هیوامه‌ له‌ سالیادی داهاتووی تراژیدیای كوشتوبڕی فه‌یلییه‌كان ئه‌و گۆرانكاریه‌ ببینرێ كه‌ به‌ره‌نجامی رانه‌وه‌ستانه‌ له‌ هه‌وڵو تیكۆشان.
له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان ئورگانی و ئاسایی نین و تا راده‌ی (0) سفر داكشاون، خه‌ڵك ته‌نانه‌ت بایه‌خ به‌ راگه‌یاندنه‌ ره‌سمیه‌كان ناده‌ن و باسوخواستی كه‌مینه‌ و پێكهاته‌كان وباسی داخراوی فه‌یلییه‌كانیش هه‌رزوو سه‌رده‌نێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بابه‌ته‌كان تیكه‌ڵ به‌ باسوخواستی كۆمه‌ڵگه‌ی نه‌كرێ .