عه‌لی حسێن فه‌یلی/ دوو روانگه‌و بابەت له ده‌رگانه‌ی ساڵی نوێی زاینی‌دا:
(1)
كۆمه‌ڵگای مرۆفایه‌تی راهاتووه له كاره‌سات و تاوانی گه‌وره‌دا به‌سه‌نده به ژماره‌ی قوربانیه‌كان بكات نه‌ك ناوه‌كانیان ! هه‌میشه تاونبار كه‌سێكه ناوبانگ ده‌رئه‌كا لێ ، قوربانیه بێتاوانه‌كان كه‌متر ده‌ناسرێنه‌وه و كه‌متر باس ده‌كرێن!.
له كاتێكداههڵهكانی مرۆفایه‌تی كهفهسهر بووه و دیموكراسی و داد له پاشه‌كشه‌ی به‌رده‌وامدایه، به‌ڕێكردنی سالێك كه هه‌گبه‌یه‌ك ناووناتۆری رووداوی كاره‌ساتباری هه‌ڵگرتبێ به سانایی ئاسته‌مه.
مرۆفی ئه‌م سه‌رده‌مه له كاتێكدا له ئاسمان و زه‌وی و ده‌ریا ئه‌رخه‌یان نییه و شوێنی حه‌سانه‌وه‌ی لێژه، چی فێر بووه؟
له رابردوودا، كاتێك ئینسان یاخی ده‌بوو سروشت له‌سه‌ری به‌ده‌نگ ده‌هات و سوكنایی پێ ئه‌دا. له كاتی هه‌ڵچوونی مرۆفدا، باران تووڕه‌ییه‌كه‌ی ده‌شۆرده‌وه و... له ئیستادا به پێچه‌وانه سروشت یاخییه ، ئاسمان دڵته‌نگه و له ناو لێوه وشكههڵاتووهكانی زه‌ویدا، بیابان ده‌ڕوێ.
به ده‌م له خۆبایی بوونێكی نه‌زانانه، مرۆف، هاوسه‌نگی سروشته‌كه‌ی تێكداوه و خه‌ریكه گۆڕ بۆ داهاتووی خۆی هه‌ڵده‌كه‌نێ و نازانێ سرۆشت ، ره‌فتارو زمانی خۆی گۆڕیوه! نازانێ ، چاوه كز هه‌ڵاتووه‌كانی ئاسمان ، په‌ڵه ره‌شه‌كانی سه‌ر زه‌وی نابینێ. نازانێ ده‌ریاكان تینوی ئاوی خاوێنن!.
له ساڵی نوێ‌دا ئه‌گه‌ر ئه‌ندێشه‌كان نوێ نه‌كرێنه‌وه، بڕیاری جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ئاشتكردنه‌وه‌ی ئینسان له گه‌ڵ سروشت جێبه‌جێ نكرێ، ته‌نیا ژماریه‌ك له ژماره‌ی ساڵه سه‌خته‌كانی ژیان زیادتر ده‌بێ.
روویه‌كی دیكه‌ی ئه‌م باسه ئه‌وه‌یه كه كرۆنا مرۆفی ناچار‌و فێر كرد له‌یه‌كتر دوور بكه‌ونه‌وه، ئه‌وه چ بڕیار‌و رووداوێكی دڵخۆشكه‌ره كه له ساڵی نوێ‌دا بتوانێ دیسان بی ترس كۆیان بكاته‌وه؟! ساڵی 2022 ئه‌و ساڵه‌یه كه ده‌بێ مرۆف زیانبژێری هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه بێ كه له ساڵانی رابردوو به خۆی و به سروشت و بوونه‌وه‌رانی گه‌یاندووه، ئایا ده‌توانێ ؟!.
(2)
له نیگای گشت پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆفایه‌تی ، بێ هه‌وڵ و تێكۆشان هه‌موو خۆشباوه‌ڕییه‌ك تراویلكهو سه‌رابه.
جیلی سه‌رده‌م به پێی پێوه‌ره‌كانی دنیای مه‌جازی و بازاڕی كتێب فرۆشه‌كانی ( موته‌نه‌بی) له به‌غدا، رووی خۆی له شێوه نواڕینی رابردووی هزره‌كان ههڵگهڕاندۆتهوهو شه‌یدای زانستی ته‌كنۆلۆجیا و ته‌نمیه‌ی به‌شری و زمانی بێگانه‌یه ! له‌و سۆنگه‌وه ، هاتنی وه‌رزو ساڵی نوێ بۆ ده‌زگای شه‌فه‌ق هێمایه بۆ گۆڕانكاری و بنیات نانی هیواو ئومێدی زیاتر و شارۆی هه‌وڵ و ماندوو بوونه‌كان و پاشه‌كه‌وت كردنی دهستهاتهكان.
هه‌واڵی دڵخۆشكه‌ر ئه‌وه‌یه؛ له كۆتایی ساڵی 2021دا ده‌زگای شه‌فه‌ق ده‌توانێ بوێرانه بڵێ: ئه‌گه‌ر له باسی كوالیتیه به‌رزه‌كه‌ی ده‌ربچێ و ته‌نیا به مه‌زه‌ندی قه‌باره‌و كێش و ژماره قسه بكرێ ، له‌و ساڵه‌ی به‌ڕێكرا، رۆژانه زیاتر له 100 هه‌زار وشه‌ی به سێ زمان و له دووتوێی هه‌واڵ و راپۆرت و بابه‌ت بڵاو كردۆته‌وه ! واته، لانی كه‌م رۆژانه كتێبێكی 600 لاپه‌ڕه‌یی قه‌باره (وه‌زیری ) بڵاو كردۆته‌وه كه له ساڵێكدا ده‌بێته زیاتر له 360 كتێب! به پێی داتاكانی گوگڵ، ئه‌م ده‌زگایه خاوه‌نی سه‌رچاوه‌یه‌كی گه‌وره‌ی تایبه‌ت به به‌رهه‌مه نووسراوو فوتوگرافیهكانی خۆیه‌تی و ئه‌مه ئه‌و شانازییه گه‌وره‌یه كه له ده‌رگانه‌ی ساڵی نوێ‌دا، ئه‌و ده‌ستكه‌وت و ئاماره هیوابهخشانه وه‌ك دیاری پێشكه‌ش به سه‌دان هه‌زار خوێنه‌رو هه‌واداری خۆی ده‌كات.