عه‌لی حسێن فه‌یلی/ كاتێك رووسیا له‌ناو جه‌رگه‌ی ئه‌وروپا په‌لاماری ئوكرانیای دراوسێی خۆی دا ، گشت وتیان ؛ دنیا كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره! جیا له شه‌رمه‌زاركردنی هێرشه داگیركاریهكه ده‌بێ ئه‌وه‌ش بگوترێ كه حكومه‌تی ئوكراینا خۆی بڕیاری دا پێگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تا ئه‌و راده‌یه بخاته‌به‌ر مه‌ترسی و بكاته قوربانی شه‌ڕێكی نابه‌رابه‌ر. سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته له جیات ئه‌وه‌ی ته‌نیا هانی سه‌ربازه‌كانی بدات بۆ جه‌نگ پێویست بوو سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و بكات تا دواجار وڵاته‌كه‌ی به‌و شێوه‌یه نه‌كه‌وێته به‌ر شه‌پۆلی شاڵاوێكی كاولكار بۆ تێكشكاندنی ئیراده و سه‌پاندنی بڕیار.
له سیاسه‌ت و مامڵهكردندا هه‌میشه رێگه چاره‌ی دیكه هه‌یه كه نابێ چاوی له‌سه‌ر داخرێ و پاراستنی سه‌ربه‌خۆیی ئوكراینا به‌و واتایه نه‌بوو كه بۆ وێنه بۆ هه‌ر رووداوێك هه‌ڵویستێكی نه‌رێنی وه‌ربگرێ.
له باره‌ی عیراق، به یه‌ك ره‌سته، هه‌موو ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه تا نهۆ بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ ده‌بینرێ نابه‌جێن وبه‌رده‌وامی سیاسه‌تی ههڵهكارانهی لایه‌نه‌كان تا ئاینده‌یه‌كی دوور سه‌قام و ئامرازه‌كانی حوكمڕانی ده‌شێوێنێ و باجێكی قورس‌تر ده‌خوازێ . ئه‌مڕۆ گه‌یشتوینه‌ته ئه‌و ئاسته‌ی كه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی به‌ربه‌ره‌كانی سیاسی و به‌شداری له پرۆسه‌ی حوكمڕانی ره‌هه‌نده نیشتمانی و ناوخۆییه‌كان له ژێر كاریگه‌ری هه‌ژموونی ده‌ره‌كیدان و به‌هاكان رۆژبه‌رۆژ كاڵتر ده‌بن.
واتاكانی پێكه‌وه‌كاركردن و راگرتنی هاوسه‌نگی هێنده وێرانه، له حاڵه‌تی دامه‌زراندی حكومه‌تی نوێ، هیوای ئه‌وه دووره له راستی كه دستوبرد قه‌یرانه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێ .
قسه‌و باس‌و رێككه‌وتنه‌كانی پشت ده‌رگا داخراوه‌كان ، زۆریش شاراوه نین و ئه‌وه‌ی كه هه‌یه هه‌رلایه‌نێكی سیاسی به‌رژه‌وه‌ندی و ساباتی حه‌سانه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی عیراق هه‌بێ بێ كێشه دانانیشێ!
ئه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م وڵاته ده‌خاته مه‌ترسی ته‌نیا په‌یوه‌ندییه نادیاره‌كانی لایه‌نه سیاسیه‌كان نییه ! به‌سته‌نه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری سیاسی به قووتی خه‌ڵك و چاره‌سه‌ری خاك به نه‌ته‌وه‌و چاره‌سه‌ری ده‌سه‌ڵات به ئایین و ئایینزا هاوسه‌نگی رانه‌گرتووه. به‌شی هه‌ره زۆری ناهۆمێدییهكه به‌رئه‌نجامی نه‌بوونی سه‌قامه له بیركردنه‌وه‌و بڕیاردان و ره‌چاو نه‌كردنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندییه گشتیه‌كان.
ئه‌م وڵاته له تاوانباركردن یان به‌ره‌وانی له جه‌نگی ئوكراینا هیچ سوودێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه نابینێ. ئاساییه وڵاتان بۆ بڕیار و هه‌ڵویستیان له‌مه‌ڕ هه‌ر پێشهات و رووداوێكی سیاسی و ته‌نانه‌ت جه‌نگ ، سوود و زیانی خۆیان ره‌چاو ده‌كه‌ن.
له راستیدا حكومه‌ت له به‌غدا پێك بێ و نه‌ێت، جه‌نگی گه‌وره‌ی هه‌رێمایه‌تی و ته‌نانه‌ت له سای كێشه ترسناك و خوێناویه‌كه‌ی نێوان رووسیاو ئوكراینا جه‌نگی جیهانی سێیه‌م روو بدات و نه‌دات ، ئه‌گه‌ر دۆخه‌كه هه‌روا به چه‌قبه‌ستوویی بمینێ عیراق ده‌فه‌وتێ . وڵاتان به شوێن به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانن و له‌م به‌ستێنه‌دا پێشێلی ئه‌خلاق و به‌ڵین و په‌یماننامه‌كان سنوور ناناسێ . ئه‌وه ئه‌و وانه‌یه كه عیراقیه‌كان ده‌بێ وه‌ری بگرن كه دنیا هاوخه‌می ئوكرانیایه لێ سه‌ربه‌خۆیی له بڕیاردان سه‌رچاوه‌ی هێزو ده‌سه‌ڵاته و نابێ له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌كان به دوایدا بگه‌ڕێین.