به ده‌موچاوێکی نورانی چرچه‌وه و

به خاڵه شینه‌کانی سه‌ر ڕویه‌وه‌

دانیشتووه ده‌نکه‌کانی ته‌سبیحه شینه‌که‌ی ئه‌ژمێرێ

به سه‌روسه‌ربه‌ست و مێخه‌کبه‌نده‌وه

چاوه‌ڕوانه

به ده‌نگی بولبولێ ئه‌لاوینێ

ده‌ناڵێنێ

گوێم لێیه چۆن خه‌می کردۆته ئاواز و

ده‌نگی پۆستاڵی کردۆته ئیقاع و

ئه‌خوێنێ:

ئه‌ی لای لای ڕۆڵه لای لای

که‌ی دێیته‌وه؟

له‌گه‌ڵ هه‌مو ووشه‌یه‌کیا

ڕۆحی گه‌رمیان ده‌کاته ئاگرۆک و

ناخی منیش ئه‌گرێنێ

چاوم لێیه له‌و لاشاوه

کیژێ له‌سه‌ر کانی

گۆزه‌یه‌کی له‌سه‌رشانه‌و

ماکسییه‌کی ڕه‌شی له‌به‌ردایه‌و

مل ئه‌نێ بۆ بن دارێک

گوێم لێیه یاره‌که‌ی ئه‌دوێنێ

دڵی شیعری بۆ ئه‌خوێنێ و

هێور هێور ده‌ست به‌سه‌ری قه‌دی داره‌که‌دا دێنی

ئه‌ڵێ:

ئازیزی من؟

چاوه‌ڕێتم

ده بگه‌ڕێوه

وا پرچم تاڵه تاڵه

وه‌ک دڵی تۆ سپی ئه‌نوێنێ

وا ئه‌و داره‌ی که پێکه‌وه ناشتمان

چاوه‌روانی تۆ پیری ئه‌کا و

ئه‌یوه‌رێنی...

ده وه‌ره‌وه

با ليوانت بۆم بێته سوراو

ده وه‌ره‌وه

ئه‌ی یاری له یاد نه‌کراو

ئاگام لێیه

منداڵێ له قوڕی به‌ر که‌پره‌که‌یان

په‌یکه‌ری پیاوێ دروست ئه‌کات

وێنه‌ی سه‌گیش به ده‌ورو به‌ریا ئه‌کێشێ

فرمێسک به دییه‌کانیا ئه‌تکێ و

به هه‌نسکه‌وه

چیلکه‌که‌ی‌ ده‌ستی به هێمنی

به په‌یکه‌ری پیاوه‌کادا ده‌جوڵێنێ

هه‌ر به ده‌م هه‌نسکه‌وه ده‌چرپێنێ

بابه گیان

بیرم ناکه‌ی؟

پاشان به ڕق و کینه‌وه ده‌ڕوانێته سه‌گه‌کان و

وێنه‌که تێک ئه‌شێوێنێ....

کوڕێ هه‌ی ڕۆ

لاوۆ هه‌ی ڕۆ

دایه هه‌ی ڕۆ

بابه هه‌ی ڕۆ

نیشتیمان هه‌ی ڕۆ

ئه‌ی کوا یاری من؟

کوانێ باوکم؟

له کوێیه دایکم؟

بۆ کوێیان برد؟

له ناو لمی کام بیابانی قیزه‌وه‌ن و نه‌عله‌تیدا نوقومیان کرد؟

ده پێم بڵێن

تاکه‌ی چاوه‌ڕوان بم؟

تاکه‌ی گوێقوڵاغی هه‌واڵێ بم؟

تاکه‌ی هه‌نگاو به‌دوای سه‌رابدا نێم؟

ئه‌و سه‌گ و گورگه برسیانه بۆ کوێیان بردن؟

ده‌ پێم بڵێن

ئااااخ

ئااااخ خودایه

تۆ به پاکی خۆت سوره‌تێکت به ناوی (ئه‌نفال) بۆ محه‌مه‌د و ئۆمه‌ته‌که‌ی هینایه خوارێ

بۆ ناو قورعان

مه‌خابینی

مه‌خابینی ئه‌ی خودێ

به جینۆساید کردنی ئێمه

گرتیانه به‌ر جه‌للاده‌کان

ده ئه‌ی خودا

گه‌رمیانم بۆ ژیر که‌وه

بادینانم هێمن که‌وه

بارزانییه‌کانم بده‌ره‌وه و

دێ و دێهاته خاپور کراوه‌کانی نیشتیمانم

بۆ ئاوه‌دان بکه‌ره‌وه

ئه‌ی خودایه

چ زوڵمێکه مه‌خلوقه‌کانت

به‌رامبه‌ر ئێمه‌ی ئه‌که‌ن؟

ڕۆڵه‌کانیان بردین

پیرو منداڵیان زینده به‌چاڵ کردین

عاشقه‌کانیان له یه‌ک کردین

نه مه‌سیحێ

نه ئیسلامێ

نه یه‌هودێ

نه بێ دینێ

نه‌یوت بۆ وا ئه‌که‌ن....

که‌سیان نه‌هاتن

ده‌ستی خوێنڕێژی و تاوانی

ئه‌م گورگانه ڕسوا بکه‌ن

ئێستا پێم بڵێن له کوێیه یارم؟

له ژیر لمی کام بیابانه؟

له ژیر ڕه‌حمی کام عه‌گال به‌سه‌رێکی

جه‌للادی ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بیه‌کانه؟

کوانێ یارم؟

بڕیار وابو گوڵی سورم بۆ بێنی

گه‌ر بۆی نه‌کرا

له چیاکانی کوردستان

چه‌پکی نێرگزم به دیاری بۆ بهێنێ

ئه‌ی ئێستا کوا؟

بۆنی کام گڵ ئه‌کات؟

چاوی به خوێنی کێ هه‌ڵده‌هێنێ؟

چ سه‌گێکی نێو بیابان لاشه‌که‌ی ده‌ردێنێ؟

له‌سه‌ر ده‌ستی کام فریشته‌ی ئاسمان ئه‌ستێره بۆ من

به سه‌ما دێنێ؟

ده پیم بڵێن چیان لێ هات؟

له کوێ به‌دوای ئێسک و پروسکیانا بگه‌ڕێم؟

چۆن بتوانم چاوه‌کانم

به جله ڕزیوه‌کانیان و

ته‌سبیحه پچڕاوه‌کانیان هه‌ڵبێنم؟

لێره لێم ئه‌پرسن بۆ ڕه‌شپۆشی؟

نازانن دڵم گشت ساتێ له پرسه‌دایه

ئه‌پرسن بۆ ناخه‌نی؟

بی ئاگان له‌وه‌ی ڕۆحم هه‌رده‌م له شیوه‌ندایه

ئه‌ڵێن و ئه‌ڵێن و ئه‌ڵێن

که‌سیان ناتوانن هه‌ست بکه‌ن

من کۆرپه‌ی کوردستانم

په‌روه‌رده‌ی خاکێکی سورم

ده‌ستگیرانی گۆڕستانم

من وه‌چه‌ی ئه‌نفالم ئه‌نفاااااال

تا بمێنم وه‌ک و نه‌نکم

وه‌ک و دایکی نه‌بینراوم

وه‌ک و باوکم و یارم

چاوه‌ڕوانم

بێ ناونیشانم

وازم لێ بینن....

لێم گه‌ڕێن.........

جگه له گریه‌و شیوه‌ن

هیچ نازانم

هیچ نازانم

هیچ نازانم.....