خەندەو بزەو پێکەنین
بەسەر پردى ئەڵوەنى مێژووى خوێندا
شیرین
شیرین
تێ دەپەڕن
غەمە رەشە تاڵەکان
دەسڕنەوە
خەون و هیواى ملوانکەى نوێى گەردنى خاک
دەهۆننەوە
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
ئاوى ئەڵوەن
سەمفۆنیاى ئازادى دەچڕێت
پاشاکۆپرى
ئاوى ئەڵوەن
سەمفۆنیاى ئازادى دەچڕێت
پاشاکۆپرى فرمێسکى شادى دەسڕێت
پوورە خانزاد زیندوو بووەتەوە
سەرچۆپى بۆ زەماوەندى
کاوە دەگرێت
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
بەمۆو داڵەهۆ
رەشبەڵەکى سەرفرازى دەگێڕن
پاشاکۆپرى شمشاڵى نوێ دەژەنێت
ئەڵوەن ئەڵڵاوەیسى و ئەفشارى نوێ
دەڵێتەوە
پەژارەى رەش رەو دەکات و بوخچەى رەشیش
دەپێچێتەوە
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
خوداداد ئاى ئەڵوەنى سەردەم دەچڕێت
قەلەڕەشى مەرگ و خوێن
بەر ئاسمانى ئەرکەوازى و کارێز ناگرێت
دەستە رەشەکانى ستەم
رۆڵە نەبەردەکانى مەزرەعەو حەمیدیەو جەلەوە
بەرەو ژوورە تاریکەکانى مەرگ و ئەشکەنجە
راناماڵن
دڵە پڕ لە رقەکانى رق
خوێنە گەشەکانى خاکپەروەران
لە سێدارە نادەن
دەنگە زوڵاڵەکان کپ ناکرێن
جوانى کیژۆڵە هەتاو پەروەرەکان
نادزرێن
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
کەڵات حەیرانى خاک دادەڕێژێت
ئیمام عەباس بەرگى جەژن دەپۆشێت
لە گۆڕەپانى تەیارەخانە
وەرزش و یارى و پێشبڕکێى وەرزى هەتاو
دەست پێدەکات
باڵەجۆ ئازادەو ئاوى ئازادى دەبەشێتەوە
چى دیکە باوەگەزى گیانى لاوەکان
نقوم ناکات
کۆردەرە
هیواى گەنجەکان
راناماڵێت
قەسرى باخ بیرى سروودى قوتابییەکان ناکات
چى دیکە قشڵە نابێتە جێى فرمێسک و هاوارى
لاوە خوێنگەرمەکانى رێگەى سەرفرازى
چى دیکە قەلەڕەشکەکانى مێژوو
بەناو تاریکە بازاڕو شەقامى باتاو
ئۆرۆزدى و مەزرەعەدا
سروودى خوێن ناڵێنەوە
چى دیکە پوورە خانزاد
پوورە حەلاو
پوورە خەجێ
لەبەردەم گرتووخانەى شاردا
بەچاوى پڕ فرمێسک و دڵى پڕ لە غەم و
هەنسکى ساردەوە بۆ دیتنى کوڕ و مێردو کوڕەزاکانیان
راناوەستن و
چاوەڕێى دەستى قەلە رەشکە داخ لە دڵەکان ناکەن
قفڵە قورسەکانى ستەم بکەنەوە
تا چەند ساتێک رازى دڵ
بۆ گیراوەکانیان هەڵڕێژن و بە خەفەت و پەژارەوە
بۆ ماڵە ساردو سڕەکان بگەڕێنەوە
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
جەژنى ئازادییە
تیشکى هەتاو پرشنگدارە
دارپرتەقاڵەکان گەشاوەتر
دەروازەى ئازادى کراوەتر
پەنجەرەى شار رازاوەتر
دەنوێنن
سروودى ئەى رەقیب
بە ئاسمانى شارەوە
ئەسپى سەرفرازى
بە شەقامى بیرو هۆشدا
دەحیلێنێت
کۆترى ئازادى
بە ئاسمانى هیواوە
لە شەقەى باڵ دەدات
مەشخەڵى گڕ هەڵکراوە
وشەى زاران پێکراوە
شار بەرگى رەنگینى پۆشیوە
بەهار پێکى بەهارى نۆشیوە
ئێستە لە خانەقین
شایی و خەنەبەندانە
وەرزى دوژمنان قڕانە
سۆزى بەمۆو سیروان و ئەڵوەن تێکەڵاوە
ئاڵاى ئەڤین هەڵکراوە
خاک خاکى باپیرانە
خانەقین بووکى کوردستانە
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
خۆرەتاوى ئازادییە
دڕى بە دوژمنان داوە
وشەى سەرفرازى میدیاو کەیخوسرەوى
لەسەر زاران ناوە
لە بەمۆوە بۆ ئەڵوەن و لە خاکەوە بۆ ناوجەرگەى شار
بروسکەیەو داگیرساوە
ئێستە لە خانەقین خۆرەتاوە
لە بانەبۆر، لە چیاسورخ، لە چوارکڵاو
لە حەوش کوڕى، لەقۆرەتوو
لە عەلیاوە
لە قوڵەو دەکەو تۆڵەفرۆش
لە ئەرکەوازى و هەردوو کارێز
لە بانمیل و نەفتخانەو
دارەوشکە
مەشخەڵى گڕ، ئاڵاى ئەوین
بەیداخى خاک
بەیداخى سەرفرازى
بڵند بڵند هەڵکراوە
هەولێر 31 – 7 - 2003
تێبینى : ئەم شیعرە دواى رزگارکردنى شارى خانەقین لە دەیتى دیکتاتۆرى گوتراوە