ئەمجەد شاکەلی
یەکێک لە بەدبەختی و نەهامەتییە گەورەکانی مرۆڤی کورد، شێوازی بەرخوردی سیاسەتکار و فەرمانڕەوا و میدیاکار و زۆرێک لەوانەی خجڵی نووسین و پەخشکردنن، لەتەک دیرۆک و دەوروبەری خۆیاندا، کە دواجار بیرکردنەوە و گوتار و تێڕوانینێک دێنێتە بەرهەم، گەلێ جار، هەست بە بێ بنەمایی و بێ تێڕامانی و بێ وردبوونەوە و ڕواڵەتی و کورتبینییەکی تێدا دەکرێ. گەلێ جار، گوتارێکی بە خەڵکەکەی خۆیانی ڕادەگەیەنن، گوتارێکە ئاو بە ئاشی ئەوانەدا دەکات، کە بۆ خۆیان زۆرجاران بە نەیار و داگیرکەر و...ناودێریان دەکەن. چەند ساڵێکە، ساڵانە و لە ڕۆژی 28ی فێبریوەرییدا، باس و گوتار و نووسین و ئاخاوتن و هەندێ جاریش ئاهەنگگێڕان پەخش دەبنەوە و ساز دەکرێن، بۆ یادکردنەوەی ڕۆژێک، کە شارۆکەی کەلاری ئیستای سلێمانی و جارانی کەرکووکی، تێدا کراوەتە قەزا. گەلێک ڕۆژنامە و بڵاوکراوە و ئینتەرنێتنامە، خۆ لەو بوارە دەدەن و باسی لەسەر دەکەن. ئەمساڵ، من بۆ خۆم، وەک هەواڵێک لە "باس نیووز"دا هێمایەکم بەرچاو کەوت، کە بەوە کرابوو و چەند وێنەیەکی کەلار و خەڵکی کەلارێش لەو هەواڵەدا دانرابوون[1].
کەلار لە 28-02-1970دا، ڕێک یانزدە ڕۆژ پێش پێکهاتنی سەرکردەیەتیی سیاسیی کوردستان و حوکوومەتی بەغدا و جاڕدانی بەیانی یانزدەی مارس، بە مەرسوومێکی کۆماری و بە بڕیارێکی سیاسی، لە گوندێکی ئاساییەوە، کە لە 1860وە یا بڕێک دواتر هەبووە و سەر بە ناحیەی شێروانەی قەزای کفریی ئوستانی کەرکووک بوو و، بێ ئەوەی بە قۆناخی "ناحیە"یەتیدا تێپەڕێت، کرایە قەزا و دواتریش لە 06-11-1975دا و بە مەرسوومێکی کۆماریی، لە کەرکووک دابڕێنرا و خرایە سەر سلێمانی. هەموو خەڵکی کورد ئەمە دەزانێت و زۆر چاکیش لە هۆکارەکەی تێگەیشتووە، چون تەنێ کەلار لە کەرکووک دانەبڕێنرا، بەڵکە کفری و خورماتوو و چەمچەماڵیش، کە سێ قەزای دیکەی کەرکووک بوون، لە کەرکووک دابڕێنران. حوکوومەتی بەغدا وەک هەمیشە لە سەرانی کورد، زیرەکتر و دووربینتر بووە و
هەمیشە، بە پێچەوانەی سەردارانی کوردەوە، پێشبینی و نەخشەی بۆ داهاتوو هەبووە. بە دابڕینی ئەو چوار قەزایە لە کەرکووک، دابڕینی زۆرینەیەکی ڕەهای کورد لە کەرکووک و پەڕوباڵکردنی کەرکووک ئەنجام درا. مەزنترین کردەی ڕاگوازتن و کۆچپێکردنی بە تۆپزی کورد و عەرەباندن لە پارێزگەی کەرکووکدا جێبەجێ کرا. بۆ ئەوەی کەرکووک بکرێت بە پارێزگەیەکی عەرەبی، حوکوومەتی بەعس دەیان هەزار خێزان و سەدان هەزار عەرەبی سوننە و شیعەی لە ناوەند و خوارووی عیراقەوە، دوای بەخشینی کۆمەڵێک پارە و زەوی و ماڵ و خانوو و کار و خۆشگوزەرانی و چەشەی دیکە پێیان، هێنانی بۆ کەرکووک و لەوێ نیشتەجێی کردن. کردەی ئەنفالی بەدناویش، کە پڕانی قوربانیانی خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و ئەو دەڤەرانە بوون، هەر بە مەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی کورد و بنبڕکردنی دانیشتووانی کوردی ئوستانی کەرکووک بوو.
ئەگەر بڕێک بگەڕێینە دواوە بۆ مێژووی سەردەمی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراق لە لایەن کۆڵۆنیالیزمی بریتانیاوە، تێدەگەین، کە دەستکاریکردن و گۆڕینی سنووری ئوستانگەلێکی عیراقی لێ پێکهاتووە، هەمیشە بە مەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافی و ئامانجی عەرەباندن و تواندنەوە و سڕینەوەی نەتەوەکانی دیکەی ناعەرەب، بەتایبەت نەتەوەی کورد، بووە. لە دوای دامەزراندنی عیراق وەک دەوڵەت لە 1921دا و پێش ئەوەی هیچ ئامارێک بۆ دانیشتووانی وڵات بکرێت، کە بە 3.5 – 4.5 میلیۆن کەس مەزەندە دەکران، عیراق پێکهاتبوو لە چواردە ئوستان. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانیشیدا تا ساڵانی 1960 بۆ دوو ئەوەندەی ژمارەی دانیشتووانی کاتێک کرایە دەوڵەت، ژمارەی ئەو ئوستانانە هەر وەک خۆی مایەوە، واتە: هەر چواردە دانە بوون، تا لە 1969دا و بۆ یەکەم جار دهۆک کرایە ئوستان و بەوەش عیراق بوو بە پانزدە پارێزگە. دهۆک، لەبەر زیادبوونی دانیشتووانی وڵات، نەکرا بە ئوستان، بەڵکە بۆ سڕینەوەی کوردستانیبوونی ئوستانی مووسڵ(کە دواتر کرا بە نەینەوا) و بۆ ڕێگەگرتن لەوەی تەقوو(ئێه، قەزاکوێرەکە، نەوەک) کورد باسی کوردستانیبوونی مووسڵ بهێنێتە بەرباس. ئیدی دهۆک و زاخۆ و ئامێدی و سمێل لە مووسڵ دابڕێنران و کران بە ئوستانێکی سەربەخۆ. مووسڵ، کە دهۆکی لێ دانەبڕێنرابوو، پارێزگەیەکی کوردی و کوردستانی بوو. بە دابڕینی دهۆک لە مووسڵ، کورد لە مووسڵ کەمبوونەوە، لێ هێشتا قەزاکانی ئاکرێ و شێخان و شنگال( کە بە ڕێژەیەکی ڕەها، پڕانی دانیشووانیان کوردن) و قەزاگەلی تلکیف و حەمدانییە و تەلعەفەر(کە تێکەڵن و پتر لە کوردەوە نێزیکن تا عەرەب) لەگەڵ مووسڵدا مابوونەوە و بەوەش ژمارەی دانیشتووانی ناعەرەبی ئوستانی مووسڵ لە عەرەبی ئەو ئوستانە زیاتر بوو. لە ساڵانی 1980دا حیزبی بەعس ئامارێکی یەکجار نهێنی بۆ دانیشتووانی ئوستانی مووسڵ کرد، کە تێیدا دەرکەوت 57%ی ئوستانی مووسڵ کوردن. هەردوو حوکوومەتی برایانی
عارف(عەبدوسسەلام عارف و عەبدوڕەحمان عارف) پێش بەعس، هەستیان بە زۆرێتی کورد لە ئوستانی مووسڵدا کردبوو، بۆیە هەر لە ناوەندی 1960ەوە دەستیان کرد بە کۆچپێکردنی زۆرەملێی کوردگەلێک کە لە سەرژمێری ساڵی 1957دا ناونووس نەکرابوون[1].
دەسەڵات و میدیای کوردستان، لەبری گرنگییدان بە باسکردنی کەلار و گەورەکردنەوەی کەلار و ئاهەنگگێڕان بەوەی، کە کراوە بە قەزا، یا دڵخۆشبوون بەوەی، کە دهۆک کراوە بە ئوستان، دەبوو وەک ئەرکێک، مێژووی عەرەباندنی کەرکووک و مووسڵ و لەتلەتکردنی کەرکووک و مووسڵیان بۆ خەڵک، بۆ نەوەی نوێ، باسکردایە. دەبوو عەرەباندن و وەدەرنانی کوردانی فەیلی لە بەغدا و عەمارە و کووت و خوارووی کوردستان(زرباتیە و بەدرە و جەسسان و مەندەلی) و کوردانی خانەقی و جەلەولا و قزڕەبات تا دەگاتەوە شنگال، لە ڕۆژی بە قەزابوونی کەلاردا، وەبیر خەڵک هێنرابایەوە. دەبوو وەک یادی گچکەکردنەوەی کەرکووک و سڕینەوەی سیمای کوردستانیبوونی کەرکووک بخرایەتە بەر باس. دەبوو هەوڵی چڕکردنەوەی دابڕینی چەمچەماڵ و کەلار لە سلێمانی درابا بۆ گێڕانەوەیان بۆ سەر کەرکووک.
جاران، کە دەگوترا کوردستانی عیراق یا باشووری کوردستان، بێجگە لە هەولێر و سلێمانی و کەرکووک(بە پردێ، دووبز، حەویجە، تاوغ، خورماتوو، کفری، چەمچەماڵ و کەلارەوە) و جەلەولا، خانەقی، مەندەلی، بەدرە، جەسسان، زرباتییە و عەزیزییە و نزیکی کووت و تا عەلی غەربی(علي الغربي) و عەلی شەرقی/شەرجی(علي الشرقي/الشرجي) دەگرتەوە و تەواوی ئوستانی مووسڵیش وەک بەشێک لە کوردستان دەژمێردرا، چون پتر لە 75%ی ئەو پارێزگەیە کورد بوون. ساڵ هات و ساڵ چوو، ئەو دەڤەرانە چوونە ئاو و لەبری لکاندنیان بەوەی ئەمڕۆ بە هەرێمی کوردستان ناوی دەرکردووە و لەبری ئەوەی ببنە یەک پارچە و یەک هەرێم و یەک چارەنووس، تا دەهات دووراییەک لەنێوان هەرێم و ئەو دەڤەرانەدا دروست دەبوو. لەنێوان 2005 و 15ی ئوکتۆبەری 2017دا، ئومێدێک دڵی کوردستانییانی خۆش کردبوو، کە ئیدی تا دەگاتە مەندەلی، گەلی کوردستان بووەتەوە خاوەنی و هەنگاو دەنرێ بۆوەی بە ڕەسمیی جاڕی تێکەڵبوونی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بدرێ. لە 16ی ئوکتۆبەری 2017دا ئەو ئومێدە لەلایەن ئەوانەی هەمیشە قۆرت و بۆسە و ڕووخان و دووبەرەکی و لەتلەتکردنی وڵات و تێکشکانیان کردووەتە خەڵاتی کورد، تاسێنرا و لەبەین برا.
کێشەی ئەو دەڤەرانە لە چۆنیەتی تێڕوانینی کوردستانییانە بۆیان. حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، لە دەلاقەی پۆست و پلە و پایە و بازرگانیی نەفت و پارەوپووڵ و ژمارەی کورسی و پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و ئەنجومەنی شارەوانی و ژمارەی کارمەند و بەرپرس و یەک لیستی و ئەوانەوە دەنۆڕنە باسەکە. ئەوان ماددەی 140 و قودساندنی کەرکووک و ڕێژەی 6+6+6+6 و 32%یان پێ چارەسەرە. تەواوی ئەوەی حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، بە چارەسەری دەزانن، لەکن تاکی کورد و کوردستانییە ئاساییەکان، بێجگە لە کۆمەڵێک کۆت و تەماح و بازرگانی و خۆپەرستی و چاوچنۆکی و دەستبەردابوون لە خاک و نانیشتمانپەروەریەتی زیاتر هیچی دیکە نین. ئەوانە تڕوتەشقەڵەن و چارەسەرگەلێکن ئەو دەڤەرانەیان لە بەشە گرنگ و خۆشەویست و نازدارەکەی باشووری کوردستانەوە کردووەتە بەشێک، کە حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، لیک دەزێتە دەمیان، کاتێک باسی دەکەن و، کاتێک دایاندەدۆشن و ، کاتێک پێوە دەلەوەڕێن و، کاتێک وەک کێشەیەکی چارەسەرنەکراو تێی دەنۆڕن و دەیانەوێت هەر بەو جۆرەیش بمێنێتەوە. کێشەی ئەو دەڤەرانە لە دوو وشەدا کورت دەکرێنەوە: خاک و مرۆڤ!
حیزب و دەسەڵاتدارانی کورد، کە خۆیان ئەو دەڤەرانەیان بەو دەردە بردووە، ئەگەر هەر بە ڕاستی دڵسۆزی وەڵات و نیشتمان و گەلی خۆیانن، ئەگەر باوەڕیان بەوەیە، کە کەرکووک کوردستانە و بێجگە لە کوردستان شتێکی دیکە نییە، دەبوو شەقێک لە تەواوی ئەو کۆت و بەندانەی 140 و 32% و قودساندنەی کەرکووک، هەڵدەن و سانتیمیتر لە دوای سانتیمیتر خاکیان بگێڕابایەوە. دەبوو باس باسی خاک بووایە. دەبوو کەرکووکیان بگەڕاندبایەوە بۆ کەرکووکەی 1957 و پێش 1963. دەبوو کفری، کەلار، چەمچەماڵ، خورماتوو بگێڕدرابانەوە سەر کەرکووک، نەک ئاهەنگ و شایلۆغان بۆ بەقەزابوونی کەلار ساز کرابا، کە زالوو (زەروو)ئاسا، لەسەر لاشەی کەرکووک، کفری، خورماتوو، خانەقی، جەلەولا، قزڕەبات، مەندەلی و خوارووی کوردستان، بۆ خۆی قەڵەو دەبێت و ئەوانیش لاواز دەکات!